"وتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەستگیر نەكراوە"

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕەتیدەکاتەوە وتەبێژەکەیان دەستگیرکرابێت و ڕاشیدەگەیەنێت:" لەئێستادا موقەدەم کاروان خۆشناو بەردەوامە لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی و ھیچ کێشەو گرفتێکیشی نییە".
 
لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، بەمیدیاکانی سەر بەپارتی ڕاگەیاندووە، موقەدەم کاروان ھیچ کێشەو گرفتێکی نییەو بەھیچ جۆرێکیش دەستگیرنەکراوە.

ئاماژەی بەوەشدا کە وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر کە لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەردەوامەو دوورنەخراوەتەوە.

 بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر  بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ھۆکاری داخستنی پەیجی تایبەتی وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بکات، وتی:" ئێمە سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی موقەدەم کاروانەوە بڵاودەکرێنەوە، ڕەتدەکەینەوە و سەرجەمیان دروستکراوو ناڕاستن".

چەند ڕۆژێکە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە موقەدەم کاروان خۆشناو وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، بەھۆی ململانێی سیاسی و قسەکردنی لەسەر خراپی دۆخی پۆلیس، لەپۆستەکەی دوورخراوەتەوەو دەستگیرکراوە.



PM:04:22:25/10/2015