حامیدی حاجی غالی: گیرمانخواردووە، گۆڕان نەگبەتیەکەی هەر بۆ یەکێتیە

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی حامیدی حاجی غالید دەڵێت" هەموو نەگبەتیەکە بۆ یەکێتییە، چونکە ئۆتۆماتیکییەن وایە گۆڕان هەرچییەک بکات لە سلێمانی شەڕەکەی بۆ یەکێتییە".

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حامیدی حاجی غالید لەسەر دوا پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی نێوان گۆڕان و پارتی دەڵێت" گۆڕان ناتوانێت هیچ فشارێک لەسەر پارتی دروست بکات، ئەگەر دروستی بکات لەسەر یەکێتی دەیکات، چونکە فشار دروستکردنی لەسەر پارتی دەبێت لە هەولێرەوە دەست پێ بکات، بۆیە هەموو نەگبەتیەکە بۆ یەکێتییە، چونکە ئۆتۆماتیکییەن وایە گۆڕان هەرچییەک بکات لە سلێمانی شەڕەکەی بۆ یەکێتییە، و ئێمەش گیرمان خواردووە لە نێوان ئەم سیاسەتە، چونکە گۆڕان ناتوانێت لە سلێمانییەوە فشار لەسەر ناوەندی بریاری پارتی دروست بکات ئەی ئێمە چی بکەین؟ هەردەبێت ناوبژیوانی بکەین”.

حامیدی حاجی ‌غالید لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی باس نیوز دا دەڵێت" گرفتی ئێستای کوردستان لەلای ئێمە نییە، ئێمە کاتی خۆی بۆیە پرۆژەمان پێشکەش کرد بۆئەوەی کوردستان نەگاتە ئەم قەیرانە، کاتێک ئەم قەیرانەش هاتووەتە ئاراوە، ئێمە چی بکەین؟، دەرفەتی هیچ نەماوە، بۆیە پێشبینی دەکەم گۆڕان بێتەوە ناو حکوومەت چونکە ئەم دۆخە بەم شێوە ناڕوات، گوتی: "ئێمە وەک یەکێتی بۆچوونمان ئەوەیە، بگەینە رێککەوتن نیشتیمانی، ناکرێت ئەم گەلە وای لێ بکرێت”. 

ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەڵێت"سەرکردەکانی یەکێتی بەردەوامن لە چارەسەر کردنی ئەم قەیرانە، پرۆژەشیان هەبووە، بەتایبەتی "د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح”، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی، بەڵام ئەو فەقیرە لەم دۆخە چی بکات، پرۆژەبوو پێشکەشی کرد، هەوڵ بوو هەوڵی دا، بۆیە پێشبینی ناکەم جارێکی دیکە پرۆژەی هەبێتەوە”.



PM:03:58:30/10/2015