دژی مانەوەی بارزانی‌ لە جنێف خۆپیشاندانە

رەوەندی کوردی رۆژی ١٠/٣١ کاتژمێر ٢ ی پاشنیوەڕۆ لەبەردەم بارەگای گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆپیشاندانێکی هێمنانە دژی مانەوەی بارزانی و نا شەفافیەتی نەوتی هەرێم، سازدەکات.

سۆران نەبی یەکێک لە ئامادەکارانی خۆپیشاندانەکە بە سپی راگەیاند " ئامانج لەم خۆپیشاندنە ناڕەزایی دەربڕینە بەرامبەر بەو هەل و مەرجە نالەبارانەی کە ئێستا کۆمەڵانی خەڵک تێیدا دەگوزەرێن هەرلە قەیرانی سیاسی، موچە، فرۆشتنی نەوت بە بێ ئاگایی خەڵک و پارەکەی کەس نازانێت بۆ کوێ ئەچێت".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئامانجەکانی تری خۆپیشاندانەکە یاسای سەرۆکایەتی و لانەچوونی سەرۆکی ماوە بەسەر چووە لەسەر کورسیەکەی، تەقەکردن لە خۆپیشەندەران، ڕێگە گرتن لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی لە شاری هەولێرو دهۆک، ڕێگە گرتن لە سەرۆکی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانانی تر، لە چوونیان بۆ ناو پەرلەمانی کوردستان.

سۆران نەبی باسی لەوە کرد کە راپۆرتێکی تێرو تەسەلیان ئامادەکردووە لەسەر ئەو کارە نایاساییانەی لە کوردستان دەگوزەرێن و دەیگەیەننە بارەگای گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەو چالاکوانە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەو خۆپیشاندانە دوورە لە هەموو مۆرکێکی حزبایەتی و، بەناوی ڕەوەندی کوردیەوە ئەکرێت و، داوا لە هاولآتیانی کوردی هەر چوار پارچە دەکات ئامادەی خۆپیشندانەکە بن کاتژمێر ٢ ی پاشنیورۆ ١٠/٣١.



AM:01:11:31/10/2015