لەهەولێرەوە بۆ گردی زەرگەتە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ پیرمام

سەرۆکی پەرلەمان سەلیم جەبوری دوای ئەوەی لەگەڵ بارزانی و سەرۆکی حکومەتدا کۆبوەوەو هاتە سلێمانی، دەچێتەوە بۆ هەولێر و جارێکی تر لەگەڵ پارتی کۆدەبێتەوە.

ئامانجی ئەم سەردانانەی سەرۆکی پەرلەمان عێراق وەک میدیاکان رایدەگەیەنن چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو هەرێمە، لەهەولێر بارزانی بینی، لەسلێمانیش سەردانی گردی زەرگەتەی کردو لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوەوە. 

ئێوارەی ئەمڕۆ، ٥ شەممە، د. سەلیم جبوری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەک پەرلەمانتار و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبی ئیسلامی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد و لەلایەن د.یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و محمەد تۆفیق ڕەحیم ڕێکخەری ژووری پەیوەندییە دبلۆماسیەکان و  و ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هۆشیار عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەبەغدا و برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی  گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان پێشوازی کران.
لەکۆبونەوەیەکدا، کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پرسی بودجە و نەوت و مەسەلەی ئاوارەکان تاتوێکران، وێڕایی قسەکردن لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان حزبی ئیسلامی عێراق و بزوتنەوەی گۆڕان.

لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران مەبەستیی بوو بۆچوونی بزوتنەوەی گۆڕان بزانێت بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسیەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: مەبەستمانە سەروەری یاسا و شکۆی دامەزراوە یاسایی و حکومییەکان پارێزراوبن و ڕەوتی دیموکراتی و بەرەوپێش بچێت.

هاوکات سەرچاوەیەکی بەشدار لەکۆبونەوەکە ڕایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەی فەرمی داوای لەهیچ لایەن و کەسایەتیەک نەکردووە نێوەندگیری بکات، بەڵام وەک هێزێکی سیاسی  و مەدەنی کە باوەڕی بەخەباتی پەرلەمانی هەیە، پێشوازی لەهەر هەوڵێک دەکات بۆ لێکنزیکردنەوەی بۆچونەوە جیاوازەکان، دەستپێکی گفتوگۆکانیش دەبێت دۆخی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ پێش کودەتاکەی 12ی ئۆکتۆبەر.



PM:08:51:05/11/2015