" دەبێت پارتی چاوەڕێی رەشەبا بێت"

هەڵسواڕاوی دیاری گۆڕان، شەماڵ عەبدولوەفا دەڵێت" پارتی بڕاوی بە هیچ کام لە دروشمەکانی (هاوڵاتی بون و ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و شەفافیەت)  نیە"، ئەو هەڵسەواڕاوە دەڵێت" پارتی بەم سیاسەتەی کە ئێستا پیادەی دەکات خەریکی (چاندنی بایە)، دەبێت لە دروێنەدا تەنها چاوەڕێی (رەشەبا بێت)".

شەمال عەبدولەوەفا لە وتارێکدا کە بە ناونیشانی (پارتی لەوەهمدا) بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت" پارتی هەمو کورد دەکات بە قوربانی خۆی و هەموو پارتیش دەکەن بە قوربانی کورسییەکەی سەرۆک".

ئەو ‌هەڵسواڕە پێیوایە "پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرەتای پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، کاری لەسەر ئەوە دەکرد، چۆن بەرەی نەیاری خۆی لەم پرسەدا هەڵوەشێنێتەوە، بە وەهم دوژمنێکی بۆ خۆی داتاشی، لەهەلێک دەگەڕا تا کارەکەی پێ ئەنجامبدات، هەر لەڕێگەگرتنی یەکەم لە پەرلەمانتاران لە دێگەڵە تان و پۆی ئەم سینارۆیەیان داڕشت و ئەکتەرو دەرهێنەریشیان بۆ دیاریکرد، سیناریۆی وەهم و سەراب بە درۆ دوژمنێک لە تارماییدا دیاریکرد، بەڵام نە ئەکتەرەکانی سەرکەوتو بو نە دەرهێنانەکەش".

شەماڵ عەبدولوەفا لە بڕگەیەکی تردا دەڵێت" پارتی بەم سیاستە ناحەکیمانەیەی گۆشەگیر بوە، نەک لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی دەوروبەریش، چەند دۆستێکی نەوت نەبێت کەسی بەدەستەوە نەماوە. پارتی ئێستا کەوتوەتە ناو هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە".



PM:04:20:06/11/2015