سەرۆكی پەرلەمان: بۆشایی سەرۆكایەتی هەرێم قەیرانەكانی قوڵتر كردەوە

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی گرفتەكانی هەرێمی كوردستانەوە رایگەیاند: بۆشایی سەرۆكایەتی هەرێم، قەیرانەكانی قوڵتر كردەوە، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەبەردەم چەندین قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستاندا بوو.

ئەمڕۆ یەك شەممە د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمان، لەگەڵ شێرزاد ئێزیدی نوێنەری كانتۆنەكانی خۆرئاوا لە هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە، لە كۆبوونەوەكەدا فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمان و بەرپرسی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی و یەكگرتوو ئامادەبوون .

سەرۆكی پەرلەمان باسی لە پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستان كرد و ئەو پەیوەندییەی بە پێویستییەكی گرنگ زانی.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی:"لەم خولەی پەرلەماندا بۆ یەكەمینجار پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەی دا بۆ ئازادكردنی كۆبانێ، پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ كوردانی پارچەكانی كوردستان هەبوو، لە ئێستادا شەڕڤانانی خۆرئاوا لە شەنگال و كەركوك و ناوچەكانی تر، شانەبشانی پێشمەرگە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش دەكەن."

لەبارەی گرفتەكانی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆكی پەرلەمان وتی"بۆشایی سەرۆكایەتی هەرێم، قەیرانەكانی قوڵتر كردەوە، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەبەردەم چەندین قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستاندا بوو."

نوێنەری كانتۆنەكانی خۆرئاوا، وتی "كێشەكانی هەرێمی كوردستان پەیوەندی نەتەوەیی لە نێوان پارچەكانی كوردستان لاواز دەكات، پەرلەمانی كوردستان دەزگایەكی شەرعی هەڵبژێراوی باشوری كوردستانە، هەمو پارچەكانی هەرێمی كوردستان، بەچاوی ئومێدەوە سەیری پەرلەمانیان دەكرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بیركردنەوەی تەسكی حیزبایەتی پەرلەمانی كوردستان پەكخرا .



PM:04:13:08/11/2015