قەرەیلان: وەڵامی هەر هێرشێکی دەوڵەت دەدەینەوە

موراد قەرەیلان هۆشداری دەداتە حكومەتی توركیا‌و دەڵێت: بی گومان گەریلاکانمان وەڵامێکی توند بە شەهید کردنی گەنجانی ١٦-١٧ ساڵان لەلایەن نیشانبڕانی تورک دەدەنەوە.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی گەل لەپەیامێكدا رایگەیاند: تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستان هەم لە باکوور و هەم لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشەوە دەروات و دەستنیشانیکرد کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەبەر ئەو پێشکەوتنانە توڕە دەبێت و بە گەلەکۆمەی نوێ دەستی بە هێرش و پەڵامار کردوە.

قەرەیلان، لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەردۆغان و داودئۆغڵودا وتی: "ئێستاکە داودئۆغڵو و ئەردۆغان دەڵێن ''ئێمە هێرش دەکەین''. ئەگەر دەتانەوێت هێرش بکەن، فەرموون، بەڵام لە بیرتان نەچێت هەر هێرشێکتان چەند ئەوەندە بە هێزتر وەڵامیان دەدرێتەوە. بە هۆی ئەو رەفتارە دوژمنانە و خوێنخوارانە ئیدی کەش و هەوا و هەڵومەرجێک بۆ بەردوامی ئاگربەست لە ئارادا نەماوە. ئەوان ئەو هەڵومەرجەیان لە ناو برد. قۆناخی چارەسەری لەبەر ئەو هۆکارانە کۆتایی پێهات. ئەو قۆناخە نەک ئێمە، بەڵکوو ئەوان پێشێلیان کرد و کۆتاییان پێهێنا. کاتێک ئەوان کۆتاییان بەم قۆناخە هێنا، رێبەرایەتی ئێمەش ئەو بڕیارەی داوە. ئەگەر بڕیارێکی لەمجۆرە وەرنەگیرابویا، بە واتای هەنگاونانەوە بەرەو دواوەیە. ئێستاکە ئاکەپە بە ئێمە دەڵێت" چەکەکانتان دابنێن و خۆتان رادەست بکەن''. ئەوەی ئەوان ئێستا بە ئێمەی دەڵێن، رژێمی تورکی داگیرکەر ٣٠ ساڵە دووبارەی دەکاتەوە. منیش دەڵێم "شەوباش ئاکەپە، تا ئێستا لە کوێ بووی؟ هێزەکانی پێش تۆش داواکاری لەمجۆرەیان هەبوو و وەڵامەکەشیان وەرگرت. دەزانن کە چیللەر و ئەوانەی تر چیان بەسەر هات؟ ئەگەر ئاکەپە پێداگر بێت لەسەر ئەو هەڵوێستە نەرێنییەی خۆی، ئەوا وەڵامێکی توندتر و بەهێزتر رووبەروی دەبێت. بە تەئکیدەوە شەڕی بەرگری لە کوردستان لەبەرامبەر بە هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت. دەمانەوێت لە هەڵومەرجی وەرزی زستان کەڵک وەربگرین. سوپای تورک دەیەوێت بە پێشخستنی شەڕی دەروونی سەنگەرەکانی هێزەکانمان کەشف بکات و گورزیان لێ بوەشێنێت. دەیانەوێت بەمجۆرە ئێمە خەریک بکەن و خۆیان بەهێز بکەن. بەڵام ئەو هەوڵدانانە بێ سوودە و بێهودەیە. ئێمە تدبیری زستانمان وەرگرتووە. لە هەر شوێنیک هیرش و پەڵامار بکەن، لە هەر شوێنێک هەتا ئەگەر پەنجەی هەڤاڵێکمان خوێنی لێ برێژرێت، وەڵامێکی چەند هێندە مەزنتریان دەدرێتەوە. هێرشی ئۆلیگارشی (بەرێوەبردنی وڵات لەلایەن چەند کەسێکی دیارکراو)ی پارتی ئاکەپە لەبەرامبەر بە کوردان و شۆڕشی کوردستان لە هەر شوێنیک بێت گرنگ نییە، چەند هێندە بەهێزتر و مەزنتر وەڵامیان دەدەینەوە. ئەوە بکەن بە گوارەی گوێچکەتان. ئێمە منداڵ نین؛ باش دەزانین لە کوێ چ کارێک ئەنجام بدەین. باش دەزانین لە هەر وەرزێکدا چ کارێک ئەنجام بدەین. بە بانگەشەی ئەوەی '' دەرفەتەکانی ئێمە زیاترە، هێرش دەکەم و ئەنجام دەستەبەر دەکەم'' خۆتان هەڵدەخەلەتێنن. ئەگەر راست دەڵێن، فەرموون هێرش بکەن. وەرن تا نیشانتان بدەین تا چ رادەیەک دەتوانن ئەنجام دەستەبەر بکەن''.

موراد قەرەیلان راشیگەیاند کە ئاکەپە بە هاوکاری دەوڵەتی شاراوەی تورک شەڕێکی چەپەڵ پەیڕەو دەکات و ووتیشی:" هەڵوێستمان لەبەرامبەر بەو شەڕە چەپەڵە روون و ئاشکرایە. بەرخۆدانی دەکەین و  سەرکەوتوو دەبین. لە هەڵومەرجی ئێستادا هیچ کەسێک چاوەروانی هەنگاوی یەک لایەنە لەلایەن ئێمەوە نەبێت. هیچ کەسێک لە ئێمە تەسلیم نابێ. تا ئەو کاتەی رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێ، تا ئەو کاتەی لە کوردستان خۆبەرێوەبەری خۆی دادەمەزرێنێت، تا ئەو کاتەی تورکیا دیموکراتیزە دەبێت، گەریلاکانی ئازادیخوازی کوردستان وەک هێزی ئازادی و دیموکراسی بەردەوام تێکۆشانی خۆیان بڵندتر دەکەن و وەڵامی پێویست بە زاڵمان و ستەمگەران دەدات. گەریلاکانمان ئەو دەرفەت، هێز، ئیرادە و وڕەیان هەیە. بەڵام پێویستە کەس نەڵێت''زستانە و گەریلا ناتوانێت هیچ کارێک بکات''. گەریلا لە زستانیشدا دەتوانێت زۆر کار ئەنجام بدات. هەم لە شاخ، هەم لە شارەکان و پێدەشتەکاندا دەتوانێت زۆر کار ئەنجام بدات''.

قەرەیلان دەستنیشانیشیکرد کە ئاکەپە لە شەڕدا لە داعش ئیلهامی وەرگرتووە و دەشڵێت:'' بۆ نموونە، شێوەی داعش ئەوەیە کە سەرەتا کۆمەڵگا بترسێنێت، دواتر کۆنتڕۆڵ بە دەست بخات و ئەو هەرێمەی کە دەیەوێت داگیر بکات. ئاکەپەش ئێستا بە هەمان شێوە شەڕ دەکات. داعش شوێنە پیرۆزەکان، گۆرستانەکان و مزاری شەهیدان و .... وێران دەکات. ئاکەپەش بە تەواوەتی هەمان کار پەیڕەو دەکات. بە واتایەکی تر هێرش دەکاتە سەر شوێنە پیرۆزەکانی گەلەکەمان و سوکایەتیان پیدەکات''.

 قەرەیلان سەبارەت بە ئازاد نەكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت:'' لەمەوبەدوا راگرتنی رێبەر ئاپۆ لە گۆشەگیری سەختدا بە هیچ شێوەیەک پەسەند ناکرێت. پیویستە گەلەکەمان بە ئامادەبوون و گردبوونەوە لەبەرامبەر بەو گۆشەگیریە هەڵوێستی هەبێت و رەوەندی شۆڕشگێری و مەزنی ئازادی رێبەر ئاپۆ دەست پێبکات. تا ئەو کاتەی رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، چارەسەری، ئاشتی و دیموکراتیزەبوونی تورکیا نامومکینە. لەبەر ئەوەش پێویستە پرسی ئازادی رێبەر ئاپۆ وەکو ستراتیژی تێکۆشان بە بەردەوام لە گۆڕێ بێ''.

قەرەیلان تیشکی خستە سەر بەرخۆدانی چەند مانگی دوایی لە شارەکانی جزیرە، شڕناخ، سور و فارقین و ووتیشی:'' گەل خاوەندارێتی لەو شار و ناوچەیانە کرد، بەڵام پیویستە خاوەندارێتی لە ئاستێکی بەرفراوانتر بێت. ئەگەر خاوەندارێتییەکان بە پێی پێویست نەبێ، بێ گومان پۆلیسی ئاکەپە هێرش دەکاتە سەر شارەکان و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. ئەگەر رێگری لە هێرشەکان نەکرێت، کۆمەڵکوژی مەزن ئەنجام دەدرێت. بۆ ئەمەش پێویستە خاوەندارێتی لە فارقین ئەرکی سەرەکەی خۆیان بزانن''.

قەرەیلان لە کۆتاییدا جەختیشیکردوتەوە کە وەڵامی شەهید کردنی هەر هاوڵاتییەکی مەدەنی و گەریلا دەدەنەوە و ووتیشی:'' بی گومان گەریلاکانمان وەڵامێکی توند بە شەهید کردنی گەنجانی ١٦-١٧ ساڵان لەلایەن نیشانبڕانی تورک دەدەنەوە. لەوانەیە گەریلا نەتوانێت بچێتە ئەو شارانە، بەڵام دەتوانێت چالاکی وەڵامدانەوەی بەهێز ئەنجام بدات.پیویستە گەریلا بە شەهادەتی هەر گەنجێک لە هەر شارێک وەڵام بداتەوە''.



PM:03:55:09/11/2015