بۆ کۆبوونەوەی چوار لایەنەکە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم سازناکرێت؟

لەدوای رێگاگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان زیاتر لەمانگێک بەسەر ئەو رووداوەدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا چوار لایەنەکە کە خاوەنی پرۆژەیەکی هاوبەشن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، کۆنەبوونەتەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند" وا مانگێک بەسەر رێگاگرتن لەسەرۆکی پەرلەمان تێدەپەڕێت، بەڵام هەر چوار لایەنەکە نە بە ئاشکرا، نە بەنهێنی لەبەر پەرچەکرداری پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا کۆنەبوونەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە پێیوایە کۆنەبوونەوەی چوار لایەنەکە " وا ڕاڤە دەکرێت کە ئەو رێککەوتنەی ئەو چوار لایەنە هەیانە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، هەڵوەشاوەتەوە ".

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد چەندجارێک گۆڕان داوای لەیەکێتی و لایەنەکانی تر کردووە کە چوار لایەنەکە کۆببنەوە، بەڵام بەتایبەتی یەکێتی و یەکگرتوو ڕەتیان کردۆتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە لەیەکەم کۆبوونەوەی دوای ١٠/١٢ نێوان یەکگرتوو و یەکێتی و کۆمەڵ لەهەولێر، محەمەد فەرج ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "کۆبوونەوەی چوار قۆڵی نەما".

سەرچاوەکەی سپی پێیوایە ئەو دوو لایەنە لە پەرچەکرداری پارتی دەترسن بۆیە ئامادە نین کۆببنەوەی چوار قۆڵی سازبکرێت.

لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هەر چوار لایەنی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو پرۆژەیەکی هاوبەشیان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی ئامادە کرد، بەڵام لە ١٠/١٢ هیچ کۆبوونەوەیەکیان سازنەکردووە.
   



PM:08:50:15/11/2015