‌هێزێکی زۆری حەشدی شیعە بەناوی پاراستنی ئاسایشەوە چوونەتە ناو خورماتووەوە

هەرچەندە ئەمڕۆ ١١/١٦ باری خورماتوو ئارامە، بەڵام بەناوی لیژنەی هاوبەشی ئەمنییەوە کە پێشمەرگەو حەشدی شیعە بەشدارن تیایدا، شیعەکان زیاتر لە ٣٠ ئۆتۆمبیلی سەربازی پڕ چەکداریان ‌هێناوەتە ناو شارەکەوە.

پەیامنێری سپی لە خورماتوو، ئاماژی بۆ ئەوە کرد کە ئەمڕۆ بارودۆخی ناو شاری خورماتوو ئارامەو هیچ تەقەیەک نابیسترێت، بەڵام هێزێکی بەرچاوی شیعە بەناوی پاراستنی ئارامی و بەناوی لیژنەی هاوبەشی ئەمنی شارەکەوە، هێنراونەتە نێو خورماتوەوە.
  
بەپێی ئەو زانیاریانە ئۆتۆمبیلە چەکدارەکان ژمارەیان زیاتر لە ٣٠ ئۆتۆمبیل دەبێت و رەنگیان سپیەو ئاڵای زۆربەی گرووپەکانی شیعەیان پێوەیەو پڕن لەچەکداری حەشدو زۆربەیان چەکی دۆشکەیان لەسەرە.

دوو رۆژ لەمەوبەر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرۆک کۆمارو حکومەت و پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی پێشمەرگەو ئیدارەی شارەکە رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد، لەنێو ئەو رێککەوتنەدا بەشداریپێکردنی هێزێکی چەکدارانی حەشدە لە ئارامکردنەوەی شارەکەدا، ئەمرۆش هیزێکی زۆری ئەوان چوونە نێو شارەکەوە.

لە رۆژی پێنج شەممەوە ١١/١٢ شەر و بارگرژی لەنێوان حەشدی شیعەو کورد لەو شارەدا درێژەی هەیە، تا ئەمڕۆ کەجۆرە ئارامییەک باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە. 



PM:01:52:16/11/2015