"مەلا بەختیار لە ئاستی بەرپرسانی گۆڕاندا نییە"

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەفتەی رابردوو سەرکردایەتی ئەو وەفدانەی یەکێتی دەکرد کە سەردانی محەمەد فەرج و عەلی باپیریان کرد، بۆ سەردانەکەی گۆڕان لەوەفدەکەدا نەبوو، سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند مەلا پێیوایە" ئاستی ئەو بەرزترە لە ئاستی بەرپرسانی بەشداربووی ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان یەکێتی و گۆڕان".

سەرچاوەیەکی ئاگاداری لەیەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند" نەچوونی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەسی یەکەمی بزووتنەوەکە کە نەوشیروان مستەفایە لەوێ نەبووە، مەلا بەختیار ئاستی خۆی لەوان بە بەرزتر دەزانێت".

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەفتەی رابردوودا سەردانی یەکگرتووی کردو لەگەڵ محەمەد فەرەج ئەمینداری ئەو حیزبە کۆبوەوە، هەروەها سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی کردو لەگەڵ ئەمیری کۆمەڵ عەلی باپیر کۆبووەوە، بەڵام رۆژی ١١/١٤ لە سەردانەکەیاندا بۆ لای گۆڕان، ئەو بەشداری نەکرد.

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سپی راگەیاند" وەفدی یەکێتی کە پێکهاتبوون لە قادر حەمەجان و سەعدی پیرەو فەرید ئەسەسەردو قوباد تاڵەبانی و مەلا بەختیاری تێدانەبوو، گۆڕان لای خۆیانەوە پێیان خۆش بووە کە ناوبراوی ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبووە".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لەلای هەڵسواڕاوە دیارەکانی گۆڕان مەلا بەختیار بەو شێوەیە ناوزەد دەکەن " زۆر قسە دەکات، بەڵام دەسەڵاتی لەناو یەكێتیدا نییە".



PM:11:10:21/11/2015