لەشەنگال 30 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدییەكان هەیە

‌شەنگال پاش رزگاربوون
قایمقامی قەزای شنگال ئاشكرای دەكات كار لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگالدا بەردەوامە و تائێستا پینج گۆڕی بەكۆمەڵیان دۆزیوەتەوە؛ بە گوێرەی زانیاریەكان 30 گۆری بەكۆمەڵ لە شنگالدا هەیە كە هەریەكەیان كۆمەڵێك لە ئێزدیانی تێدایە.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كار لەسەر گۆرە بەكۆمەڵەكانی شنگال بەردەوامە و تائێستا پینج گۆڕی بەكۆمەڵمان لە قەزای شنگال دۆزیوەتەوە كە دەكەونە ناوچەكانی (سولاخ و هەمەدان و زۆمانێ و جەدال و یەكیش لە نزیك شنگالە)، شنگال شارۆچكەی گۆرە بەكۆمەڵەكانە."

وتیشی: "بە گوێرەی زانیاری 30 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگالدا هەیە، لە هەر گۆڕێكدا كۆمەڵێك ئێزدی تێدایە؛ لە یەكێكیاندا 90 كەس و لە یەكێكی تر 76 كەس و لە یەكێكی تر 24 كەسی تێدابووە."

قایمقامی قەزای شەنگال ئاماژەیشی دا: "لیژنەیەكی پسپۆری گۆرە بەكۆمەڵەكان لە شنگالدان و بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیداین كە سەر بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستانن. دەمانەوێت هەرچی زووە ئەم گۆرە بەكۆمەڵانە هەڵدەینەوە چونكە وەرزەكەی بەرەو باران و سەرما دەچێت كە ئەوكات هەڵدانەوەیان سەختتر دەبێت. هەموو لایەكیش لە هەوڵ داین ئەم تاوانەی داعش بە دیكۆمێنت بكەین بۆئەوەی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسێندرێت."



PM:08:56:22/11/2015