پێشنیازی پەرلەمانتاران بۆ موچە بە دۆلار ڕەتكرایەوە

بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرای كرد، پێشنیازێكی ژمارەیەك ئەندامی پەرلەمانی عێراقیان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بە دۆلار لە جێگەی دیناری عێراقی، ڕەت كراوەتەوە.

"عەلی عەلاق"، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، بە ئاژانسی (ئەنادۆڵو)ی توركی ڕاگەیاندووە، بانكەكە پێشنیازێكی پێشكەشكراوی ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی، سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بە دۆلار و لەجێگەی دابەشكردنی بە دیناری عێراقی، ڕەت كردووەتەوە، چونكە دراوی عێراقی نوێنەرایەتی سیادەی نیشتمانیی عێراق دەكات و ناتوانرێت دۆلار وەك جێگرەوەی دراوی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

پێشتر ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشنیازێكیان پێشكەش بە حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندی كردووە، تاوەكو لە جێگەی دیناری عێراقی، بە دۆلار مووچەی فەرمانبەرانی دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق دابەش بكات. ئەویش بەو ئامانجەی كە بەهای دراوی نیشتمانیی عێراقی (دینار) لە بەرامبەر دراوی بیانی (دۆلار) بەرز بكەنەوە، لە ڕێگەی كەمكردنەوەی خستنەڕووی دینار و زیادكردنی خستنەڕووی دۆلار.



PM:09:07:22/11/2015