لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمەوە ١٢٠ گەشت هەڵوەشێنرانەوە

‌فرۆکەخانەی سلێمانی
بەڕێوەبەرانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی رایانگەیاند: بەهۆی راگرتنی هاتن و چوونی گەشتە ئاسمانییەکانەوە بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی لەلایەن بەرێوەبەرایەتی فرۆکەخانەی مەدەنی عێراقە ١٢٠ گەشت هەڵوەشێنرایەوە.

تەلار فایق، بەڕێوبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" شەوی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی مەدەنی عێراق پێیان راگەیاندین کە رووسیا مووشەکی دوورهاوێژ لە ئاسمانی باکووری عێراقەوە ئاراستەی سووریا دەکات، بۆیە بۆماوەی 48 كاژێر بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستانیان داوە". 

هەر ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ی پاشنێوەرۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند" بەهۆی مەترسی مووشەکی رووسیەوە کە هێرشەکانی بۆ سەر بەنکەکانی داعش چڕکردۆتەوەو مووشەکەکانی بە ئاسمانی هەرێمدا دەڕوات بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆکەخانەی سلێمانیش راگیراون".

بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە رۆژانە نزیکەی ٣٠ گشتی هاتن و چوون لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجام دەدرێت.

راوەستانی گەشتی ئاسمانی هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر لە کاتژمێر ٨ بەیانی ١١/٢٣ دەسیپێدەکات تا ٨ بەیانی ١١/٢٥.  



PM:12:41:23/11/2015