ڤیدیۆ..ئەو پیاوەی سەدامی لەچاڵەکەدا شاردەوە دێتە دەنگ‌و نهێنیەکان ئاشکرا دەکات

لە ١٣/١٢/٢٠٠٣ دا ئەمەریکیەکان سەدام حسێنیان لەچاڵێک لەناو باخێکدا لە نزیک تکریت دۆزیەوەو دەستگیریان کرد، تا ئێستا نهێنی مانەوەی سەدام بۆ ٩ مانگ لەوچاڵەدا ئاشکرا نەبووە، ئەو کەسەی چاڵەکەی دروستکردو سەدامی شاردەوە، نهێنیەکان ئاشکرا دەکات.

رۆژنامە " مرسد سعودی " کە رۆژنامەیەکی سعودییە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (عەلا نامیق) ئەو کەسەی کە سەدامی لەو چاڵەدا شاردۆتەوە کە بە" چاڵی جاڵجاڵۆکە " ناسراوە دەکات و نهێنی نۆ مانگی ژیانی سەدام و پەیوەندیەکانی لەو چاڵەوە لەگەڵ دەرەوە، ئاشکرا دەکات.
عەلا نامیق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو تەنها هەر خۆی نەبووە سەدامی شاردۆتەوەو ئەو چاڵەی بۆ دروستکردووە، بەڵکو برایەکیش کە ناوی قەیس بووە لەگەڵیدا بووە.

عەلا دەڵێت" سەدام حسێن مۆبایلی بەکار نەدەهێنا چونکە دەیزانی ئەمەریکیەکان چاودێری تەلەفونات دەکەن تا بیدۆزنەوە، بۆیە ناچار پەنای دەبردە بەر نامە نووسین و لەو ٩ مانگەدا چەندجارێک نامەی بۆ خێزان و مناڵەکانی نووسیووە".

ناوبراو ئەوە ئاشکرا دەکات لەو ماوەیەدا کە ئەم شاردویەتەوە، توانیویەتی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کوڕەکانی، عودەیی و قوسەیدا بۆ سازبکات.

سەبارەت بە کاسێتە دەنگیەکانی کە ناوبەناو سەدام بڵاویدەکردنەوەو دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستدەکرد، عەلا نامیق دەڵێت" هەرچەندە ئەمەریکیەکان ئەو کاسێتە دەنگیانەی سەدامیان بە زۆر گرنگ هەژمار دەکرد، بەڵام لەراستیدا بە ئامێری زۆر سادە تۆمار دەکران، یەک کاسێتیان لەناو ئۆتۆمبیلەکەی ئەودا تۆمارکردووە لەنزیک سامەڕا".

عەلا نامیق کە ٤١ ساڵە ئەوە ئاشکرا دەکات کە سەدام لەو ماوەیەدا کە لە چاڵی جاڵجاڵۆکەکەدا خۆی شاردۆتەوە، بەتەواوی بڕوای بەوە هێناوە کە چیتر ئەو سەرۆکی عێراق نەماوەو دۆڕاندوویەتی.

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەلایەن ئەمەریکیەکانەوە دەستگیرکراوەو ئازاری زۆریان داوەو لەبەندیخانە سەگیان تێبەرداوەو گەستوویەتی.
   



AM:09:51:01/12/2015