هه‌په‌گه‌ ئاماری شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی مانگی‌ رابردووی‌ بڵاوكرده‌وه‌

بەپێی راگەیەنراوێكی ناوەندی راگەیاندن‌و چاپەمەنییەكانی هێزی پاراستنی گەل لەمانگی رابردوودا لە شەنگال‌و توركیا 169 سه‌ربازی توركیاو تیرۆریستی داعش كوژراون.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌)، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماری شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی مانگی نۆڤەمبر نێوان هێزه‌كانیان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا و شه‌ڕی شه‌نگالی بڵاو كرده‌وه‌.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی مانگی‌ ڕابردووی‌ نێوان گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه‌ و هێزه‌ئه‌منییه‌كانی توركیا، 84 سه‌رباز و پۆلیس كوژراون‌و هه‌روه‌ك ئاشكراشی ده‌كات، له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی ڕزگاركردنی قه‌زای شه‌نگال و پاككردنه‌وه‌ی له‌ تیرۆرستانی داعش كه‌ تێیدا یه‌كینه‌كانی پاراستنی شه‌نگال و گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه‌ به‌شداربوون، 85 چه‌كداری ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش كوژراون.

هه‌په‌گه‌ ئاشكراشی ده‌كات: 17 گه‌ریلا له‌شه‌ڕی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا و 4 گه‌ریلا و شه‌ڕڤانێكی یه‌به‌شه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌داعشدا، شه‌هید بوون.



PM:01:56:03/12/2015