لە پێدانی مووچە، یەکێتی جیاوازی لەنێوان میدیاکانیدا دەکات

یەکێتی لە پێدانی مووچەی مانگانەی کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندیدا جیاوازی لە نێوان دەزگاکانیدا دەکات، ئەوانەی سەر بەمەکتەبی ناوەندی راگەیاندن چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەوانەی سەر بەئەندامانی مەکتەبی سیاسیشن، هەموو مانگێک مووچەیە خۆیان وەردەگرن.

بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست سپی کەوتووە، ئەو میدیانەی وەک حیزب سەر بەمەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانن ماوەی چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی سەر بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانن مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن.

ئەو میدیایانەی سەر بە مەکتەبی ناوەندی راگەیاندن نزیەکی ٥٠٠ رۆژنامەنووس و کارمەند تیایدا کاردەکەن و هەر سێ کەناڵی گەلی کوردستان و کەرکوک و بادینان و رادیۆی گەلی کوردستان و pukmedia و کوردستانی نوێ و " انصات المركزی"و  چەندان کەناڵی رادیۆو تەلەفزیۆنی لۆکاڵین، ئەم میدیایانە مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلول تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمیان وەرنەگرتووە.

بەرامبەر ئەمە ئەو میدیانەی سەر بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتین لەوانە کوردسات و تۆڕی هەواڵی سلێمانی خەندان و خاک و چەندان میدیای تری بەرپرسانی یەکێتی مووچەکانیان بە رێکوپێکی وەردەگرن.

سپی پەیوەندی کرد بەچەند رۆژنامەنووسێک کە لەو میدیانە کاردەکەن لەژێر سەرپەرشتی مەکتەبی ناوەندی راگەیاندندان، ئەو رۆژنامەنووسانە ئامادە نەبوون ناویان ئاشکرا بکرێت، بەڵام ئەو زانیاریانەیان پشتڕاستکردەوەو جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.
   



PM:06:27:03/12/2015