عادل موراد سەرچاوەی قەیرانەکانی هەرێمی دیاریکرد

سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرچاوەی قەیرانەكانی كوردستان دەزانێت. 

ماڵپەڕی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بڵاویکردەوە، عادل موراد لەکۆبوونەوەی لەگەڵ لەگەڵ كرستین كارسلین، كونسوڵی گشتیی باڵیۆزخانەی نەرویج لە عەممان و ئالان یورون تكسدل ستوبهیل، سكرتێری یەكەم لە هەمان باڵیۆزخانەی نەرویج كۆبووەوە کە ١٢/٣ لەسلێمانی سازکرا، رایگەیاند" شكستی پارتە سیاسییەكان بۆ دەرچوون لە قەیرانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرەنجامی پێداگیری پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەروەها هۆكاری سەرەكی سەرهەڵدانی سەرجەم كێشەو قەیرانەكانی دیكەیە".

عادل موراد داوای لە یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی دۆست كرد هاوكاربن لە كۆتاییهێنان بەو پێشێلكارییە ترسناكەی پارتی لەسەر یاساو شەرعییەتدا دەكرێت، كە جومگە سەرەكییەكان و دەزگاكانی دەسەڵاتی پەكخستووە و چەند مانگێكە كۆنەبوونەتەوە.

سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی جگە لەوەی بڕیاری رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان و دوورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت بە نایاسایی وەسفكردووە، بە كونسوڵی گشتیی نەرویجی راگەیاندووە، كە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە هەنگاوێكی سەرەتاییە بۆ هێوربوونەوەی ئەم دۆخە ئاڵۆزە. 

عادل موراد روونیكردووەتەوە " هەوڵێكی زۆر لەلایەن چەند كەس ‌و لایەنێكی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان هەیە بۆ قۆرخكردنی دۆسیەی نەوت ‌و دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەرچاوە داراییە گەورەیە، ئەوەی روودەدات لە پەراوێزخستن ‌و رووبەڕووبوونەوەی بەغدا لەلایەن هەموو لایەنەكان‌ و هێزە سیاسییە كوردەكانەوە خوازراو نییە، بەڵكو لە هەوڵداین بۆ مانەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا".



PM:11:41:03/12/2015