تاڵەبانی بەسەلامەتی گەڕایەوە سلێمانی

دوایی كۆتایی هاتنی پشكنینەكانی لە وڵاتی ئەڵمانیا، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی لە بەرلینەوە گەیشتەوە سلێمانی.

ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاویکردەوە " ئەمڕۆ 2015/12/5 سەرۆك مام جەلال بەرلینی پایتەختی ئەو وڵاتەی بەجێهێشت و لەڕێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە بەسەلامەتی گەیشتەوە خاكی وڵات". ( بێ ئەوەی پزیشکەکان ئاماژە بۆ ئەوە بکەن کە ئایا تاڵەبانی دەتوانێت مومارەسەی سیاسەت بکات، یان وەک ئەم ماوەیەی پێشوو دەمێنێتەوە ).

لەوبارەیەوە پزیشكی تایبەتی تاڵەبانی بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندوە" سەردانەكەی سەرۆك مام جەلال بۆ مەبەستی پشكنینی ئاسایی بوو، خۆشبەختانە ئەنجامی هەمو تێستەكان باش بون و بەسەركەوتویی بەئەنجام گەیشتن و تەندروستی بەڕێزیان زۆر باشەو زیاتر لە بەرەو پێشچوندایە".

ئەو ماڵپەڕە ئەوەشی خستەروو پزیشكە كانی ئەڵمانیاش لەو نەخۆشخانەیە دوپاتیان كردۆتەوە "تەندروستی بەڕێزیان بەبەراورد بە پێشوو زۆر باشەو بەرەوپێش چونی باشی هەبوە".



PM:08:02:05/12/2015