روسیا: ئاسمانی هەرێم تەنها رێگەیە بۆ ئاراستەكردنی موشەكەكان

سەبارەت بە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەر دوو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر‌و سلێمانی بەهۆی بۆردومانەكانی روسیا بۆ سەر داعش لەسوریا، كۆنسوڵی روسیا لە هەرێم دەڵێت: لە ئێستادا مۆسكۆ هیچ رێگەیەكی دیكەی لەبەردەستدا نییە جگە لەوەی ئاسمانی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت.

ئەمرۆ بۆ تاوتوێكردنی ئەم كێشەیە كەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ڤیکتۆر سیما کۆڤ، کونسوڵی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

ڤیکتۆر سیماکۆڤ، کونسوڵی رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە حکومەتی رووسیا جێگرەوەیەکی دیکە بۆ ئاراستەکردنی مووشەکەکانی بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا بدۆزێتەوە. لە بەرامبەریشدا کونسوڵ بەڵێنی ئەوەی داوە لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی تاوتوێی ئەو بابەتە بکات.

سیماکۆڤ هەروەها رایگەیاند، كە تێبینییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی گەشتە ئاسمانییەكان دەگەیێننە بەرپرسانی وڵاتەكەیان، بەڵام ئێستا مۆسكۆ هیچ رێگەیەكی دیكەی لەبەردەستدا نییە جگە لەوەی ئاسمانی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت.

کونسوڵی رووسیا ئاشکراشیکرد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوکات وەزیری پێشمەرگەیە بەوەکالەت، پێی راگەیاندووە، هاوکاریی سەربازی حکومەتی رووسیا گەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە و لە چەکی سووک پێکهاتووە.

شەوی رابردوو دەسەڵاتی‌ فڕۆكەوانی‌ مەدەنی‌ عێراق بۆ دووەمجار، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ماوەی 48 کاژێر راگرت. هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بۆسەر بارەگاکانی داعش لە سووریا، بەهۆکاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان راگەیەندراوە. راگرتنەکە تەنیا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و گەشت لە ئاسمانی عێراق بەردەوامە.

جگە لە دواکەوتنی گەشتی هاونیشتمانیان، بۆماوەی ،48 کاژێر هاوردە و هەناردەکردنی کاڵا لە هەردوو گومرگی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی رادەوەستن.



PM:02:09:07/12/2015