قەیرانێکی گەورە روبەرووی دارایی هەرێم دەبێتەوە

بەهۆی دابەزینی نرخی فرۆشتنی نەوتەوە قەیرانێکی نوێی گەورەتر روبەرووی باری دارایی هەرێم دەبێتەوە.

ئەحمەد رەشید پەرلەمانتاری عێراق و بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمان، لە لێدوانێکدا بۆ سپی رایگەیاند" هێشتا نەوتی ئێران نەهاتۆتە ناو بازاڕەوە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی ئێجگار گەورە نرخی نەوت دابەزی".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد دوا نرخی نەوتی برێنت بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی بۆ ٤٠$ دۆلار، واتە لە بەر کوالێتی نەوتەکەی، بەغدا هەر بەرمیلێک بە ٣٣ $ دۆلار دەفرۆشێت، هەرێمیش دەبێت بە ٣٠ دۆلار بیفرۆشێت.

 پێش ئەم دابەزینە بەرچاوە یەک بەرمیل نەوتی برێنت  ٤٦$ دۆلاری دەکرد، ئەحمەد رەشید ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو زوو هەرێمی لێ ئاگادار کردۆتەوە کە نرخی نەوت دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام حکومەتی هەرێم بەهەند وەریان نەگرتووە".
ئەو پەرلەمانتارە دابەزینی نرخی نەوت بەکێشەیەکی گەورەش دەزانێت بۆ سەر ئابوری عێراق و باس لەوە دەکات لەپڕۆژەی بوودجەی ٢٠١٦ دا نرخی یەک بەرمیل نەوت خەمڵێنراوە بە ٤٥$ دۆلار.
 
حکومەتی هەرێم زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار قەرزارەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سێ مانگ دواکەتووەو سەرچاوەی سەرەکی داهاتیشی فرۆشتنی نەوتە، ئەم دابەزینەی نرخی نەوت هێندەی تر باری دارایی و ئابوری هەرێم خراپتر دەکات.



PM:11:59:07/12/2015