سلێمانی.. لەگردبوونەوەیەكدا لەشكركێشی توركیا ئیدانەكرا

كاتژمێر 3ی پاشنیوەرۆی ئەمرۆ سێشەممە دژی لەشكركێشی حكومەتی توركیا گردبوونەیەوەك لەبەردم باخی گشتی سلێمانی سازكرا‌و هێنانی ئەو هێزانە بۆ خاكی هەرێم‌و عێراق بە خیانەت باسكرا.

لەگردبوونەوەكەدا كە لەلایەن تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگای كوردستانەوە سازكرابوو، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حیزبی وەك هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و نوێنەرانی گۆڕان‌و حیزبەكانی دیكەی كوردستان‌و ژمارەیەك پەرلەمانتار بەشداربوون، لەشكركێشی توركیا مەحكوم كرا.

لەگردبوونەوەكەدا بەیاننامەیەكی هاوبەش لەلایەن تەڤگەری ئازادی‌و حیزبی ئایندە خوێندرایەوە‌و تێیدا حكومەتی هەرێم بە بەرپرسیار زانرا‌و داوای لە لایەنەكانی ناو حكومەتی هەرێم كرد كە راشكاوانە هەڵوێستی خۆیان لەسەر لەشكركێشی توركیا بۆ خاكی هەرێم‌و عێراق رابگەیەنن.

لەبەیاننامەكە باس لەوەش كرا كە توركیا خۆی هاوكاری سەرەكی داعشە‌و چۆن دەتوانێت ئێستا بڵێت لەگەڵ داعش شەڕ دەكات.

بەیاننامەكە هاوكاری ئەو لایەنانەی بۆ هاتنی ئەو هێزەی توركیا بە خیانەت ناولێبرد.



PM:03:31:08/12/2015