شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌موو هێلێکی سووری به‌رامبه‌ر پارتی شکاند

له‌ دوا نووسینی به‌رپرسی رێکخستنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌مووهێڵه‌ سووره‌کانی به‌رامبه‌ر پارتی شکاندو وتاریکی زۆر توندی به‌ناونیشانی " هه‌ر به‌خێرایی" له‌سه‌ر نووسیوون.

له‌و وتاره‌دا شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌ڵیت" ئەترسم بەیانیێك لە خەو هەڵسین و تەماشا كەین كە بووینەتە خاوەن ئیمارەتێك كە كورسیەكەی تێدا بۆ هەتا هەتایە مسۆگەر كراوە و سەرۆكی پەرلەمانەكەی قەتەرییە و كابینەی حكومەتەكەی تەنیا لە شەش وەزارەت پێك هاتووە".

ناوبراو له‌ وتاره‌که‌یدا ئه‌و کابینه‌ شه‌ش وه‌زاره‌تییه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش ده‌کات" وەزارەتی مافی مرۆڤ كە لەلایەن سعودیەوە بەرێوە دەبرێت، وەزارەتی داد لەلایەن داعشەوە، وەزارەتی گەشتوگوزار لە لایەن ئەمیرەكانەوە! وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەلایەن پارتیەوە، وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگەی لەلایەن توركیاوە و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و شەهیدان و ئەنفالكراوانیشی دراوتە دەست بەرپرسانی پێشووی رژیمی بەعسی روخاو و ئاو بێنە و دەست بشۆ!! هەموو شتێك رێی تێدەچێت كاتێ كە بەرامبەر بەو پێشێلكاریانەی خوارەوە هەڵویستێكی ئەوتۆ نەبینرابێت!! ".

شاناز ئیبراهیم که‌ واناسراوه‌ هه‌ڵوێستیکی توندی به‌رامبه‌ر پارتی هه‌یه‌، باسی خێرای هه‌نگاوه‌کانی پارتی ده‌کات و نووسیوویه‌تی " رادەست كردن و گرتنەوەی شەنگال بە کونفەیەكونێك.. واژووكردنی گرێبەستێكی پەنجا ساڵە لە چاوو تروكانێكدا..ئیفلیج كردنی پەرلەمان و دەست بەسەرداگرتنی حكومەت و داگیركردنی پایتەختی هەرێم پاش ئەو هەموو سازان و حەیرانە! داخستنی دەرگای نێوان هەرێم و بەغدا بە فوویەك.. رێگەدان بە بوردومان كردنی قەندیل لە لایەن هێزی ئاسمانی توركیاوە و حاشاكردن لە بەشدار بوونی هێزە كوردستانیەكان لە ئازادكردنی ناوچە كوردستانیەكاندا و بە ئاشكرا پشتگیری كردنی ئاك پارتی لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا دژی خواستی گەل و زەوت كردنی داهاتی هەرێم و داگیركردنی دەیان بیری نەوت بە بیرەنەوتەكانی كەركوكەوە .. ئیفلاس پێكردنی بانكەكانی هەرێم لە پێناو دەوڵەمەند كردنی بانكی كوردستاندا..برسی كردنی خەڵك و رفاندن و تەهدید كردن و ناو زڕاندن بۆ دەمكوت كردنی دەنگە ئازادەكان بە رۆژی نیوەڕۆ و هتد".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" بێ گومان هەموو ئەمانەش دەگەڕێنەوە بۆ پەیڕەو كردنی سیاسەتی (هەر خۆم و خۆم) و (یاخۆم یا كەس) لەلایەن پارتیەوە و قەیرانی نەبوونی سیاسی وورد و دووربین پاش نەخۆشكەوتنی بەرێز مام جەلال و كەمتەرخەمی و پەرتەوازەیی و هەر كەس بۆ خۆیی لایەنە سیاسیەكان كە بە داخەوە پشكی شێری بەر یەكێتی دەكەوێت و هەروەها مەترسی لە دەستدانی دەستكەوتی شەخسی هەندێك لە كاركتەرەكانی گۆڕەپانی سیاسی ئەمڕۆمان!".

شاناز داوا ده‌کات یه‌کێتی بێته‌ مه‌یدان" نەرمی نواندن و كۆبونەوە پچڕ پچڕەكان و فسكە فسكی ناو دیوەخانەكان دەردی قەیرانەكانی دەوا نەكردوە و نایكات!! بۆیە دەبێ لایەنە سیاسیەكان و بەتایبەتیش یەكێتی بێتەوە مەیدان و رۆڵی چاوەروان كراووی خۆی ببینێت و بریارێكی بوێرانەو یەكلاكەرەوە و شۆرشگێرانە بدات و بە ئاشكرا هاوپەیمانێتی یاخود بەرەیكی نیشتیمانی راستەقینە بۆ رێگری كردن لە جێبەجێكردنی نەخشە و پیلانی نەیارانی گەلەكەمان پێك بهێنێت بەر لەوەی كە كوردستان پڕ ببێت لە جەندرمە و حوشتر".



AM:09:21:15/12/2015