تورکیا ١٨ سەرۆکی شارەوانی لەسەر کار لادا

بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کوردانی باکورەوە، وەزیری ناوخۆ ١٨ سەرۆک شارەوانی شارەکانی باکوری لەسەر کار لادا.

ئەژانسی ئەنادۆڵ کە ئاژانسی هەواڵی حکومەتی تورکیایە لەزاری وەزیری ناوخۆی توركیا ئەفكان ئاڵا رایگەیاند "رێوشوێن لە دژی 18 سەرۆك شارەوانی و 41 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان گیراوەتە بەر. لێكۆڵینەوەی دادوەری و كارگێڕی لەدژیان دەستی پێ كرد. لەكاتێكدا ئەمانە لەكارەكانیان دوورخرانەوە، ژمارەیەكیشیان دەستگیر كران".

ناوبراو گرتنە بەری رێوشوێنی یاسایی دژی ئەو سەرۆک شارەوانییانەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئامێرەکانی شارەوانی بەکارهێناوە بۆ هەڵکەندنی خەندەق تا هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە نەکەن کە ئەمان سەرۆک شارەوانیانن.

ماوەی چەند مانگێکە خەڵکی زۆرێک لەشارەکانی باکوری دەستیان بە خۆپیشاندان و کۆنترۆڵکردنی هەندێک ناوچە کردووە وەک سیاسەتێکی نوێی کۆما جڤاکێ کوردستان دژی راوەستانی پرۆسەی ئاشتی گوێنەدان بەدۆزی کورد.



AM:08:14:18/12/2015