گۆڕان: حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم شەرعی نین

جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند" لەدوای 12ی ئۆکتۆبەرەوە هیچ دامودەزگایەکی ژێردەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان شەرعیەتی یاسایی و سیاسی و دیموکراسیان نەماوەو بەئیرادەی تاکڕەوی بەڕێوەدەچن".

لەراگەیاندنێکی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە ئەمڕۆ لە سلێمانی بەڕێوەچوو هاتووە"
پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر سیاسەتی چەوتی خۆی، لە قۆرخکاری، تاکڕەوی بڕیاری سیاسی، پەیوەندییەکانی دەرەوە، مەلەفەکانی ئابووری و داهاتی نەوت و ئیدارەی حکومڕانی بەردەوامەو درێژە بەدۆخی کودەتای سەربازی‌و سیاسی 12ی ئۆکتۆبەر دەدات، کە تیایدا زیانی گەورە بە پرۆسەی سیاسی و ئاییندەی گەلەکەمان دەکەوێت".

دەقی ڕاگەیەندراوی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان

لەم هەلومەرجە هەستیارو ئاڵۆزەی کە کوردستان و ناوچەکەی تێدایە، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی سەبارەت بە گشت پرس‌و قەیرانە سیاسی، ئەمنی، ئابووری‌و کارگێڕییەکان ڕێکخست.

پشتگیری خۆی بۆ هێزی پیشمەرگەی کوردستان و شەڕڤانان و خەڵکی کوردستان دوپاتکردەوە، لە بەرگری و ڕوبەڕوبونەوەیان بەرامبەر هێزی تیرۆریستی داعش، کە بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە، پشتیوانی خۆیشی بۆ داخوزاییە ڕەواکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دابینکردنی مووچەو خزمەتگوزارییەکان ڕاگەیاند.

کۆبونەوەکە رونیکردەوە، کە ململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، هاتنی هێزی جەمسەرە جیاوازەکانی دنیا بۆ ناوچەکە ، لێمان دەخوازێت سیاسەتێکی نەتەوەیی سەرتاسەری بۆ ئێستاو ئاییندە دابڕێژین، بەشێوەیەک خاکی کوردستان‌و هاوڵاتیەکانی لە هەموو پیلانێک بپارێزین، بۆ ئەم ئامانجەش بانگهێشتی تێکڕای لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم قۆناغە سەختەو تێپەڕاندنی لەبەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان. وابکەن کە پارتی دەسەڵاتی حزبی خۆی لەسەردامەزراوەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان، حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری هەڵبگرێت و لەژێر چەتری پرۆژەیەکی دیموکراتی و نەتەوەیی بۆ دیاریکردنی گوتارو ستراتیژێکی ئەمنی هاوبەش هەمومان کۆ ببینەوە.

لەم سەروەختەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر سیاسەتی چەوتی خۆی، لە قۆرخکاری، تاکڕەوی بڕیاری سیاسی، پەیوەندییەکانی دەرەوە، مەلەفەکانی ئابووری و داهاتی نەوت و ئیدارەی حکومڕانی بەردەوامەو درێژە بەدۆخی کودەتای سەربازی‌و سیاسی 12ی ئۆکتۆبەر دەدات، کە تیایدا زیانی گەورە بە پرۆسەی سیاسی و ئاییندەی گەلەکەمان دەکەوێت.

داواکارین هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، ڕیکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، میدیاو دامەزراوە فەرهەنگی و ڕۆشنبیرییەکانی گەلەکەمان، بە ئەرکی نەتەوەیی ئەم قۆناغە هەستن و هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێیەی لەنێوان کودەتاکردن بەسەر شەرعیەتی دامەزراوەکان لەلایەک و بە مەرجەعیکردنی پەرلەمان و دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێم لەلایەکی تر هەیە،کە پارتی وەک ململانێی حزبی وەسفی دەکات.

جڤاتی نیشتیمانی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لەدوای 12ی ئۆکتۆبەرەوە هیچ دامودەزگایەکی ژێردەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان شەرعیەتی یاسایی‌و سیاسی‌و دیموکراسیان نەماوەو بەئیرادەی تاکڕەوی بەڕێوەدەچن.

بزووتنەوەی گۆڕان متمانەی تەواوی بە خەڵکی کوردستان هەیە کە دەتوانێ بەئیرادەی خۆی، بەئومێدەوە پێ بنێتە ساڵی نوێوەو سەرکەوتووانە ئەم قۆناغە سەختەی ژیان و بەرگری تێپەڕێنێت و هەنگاوی ئایندەی بۆ چەسپاندنی یاساو ئاشتی کۆمەلایەتی‌و حکومڕانی دیموکراسی بێت.

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان 
19/12/2015 
سلێمانی




PM:06:38:19/12/2015