پاش شەهیدبوونیشی گۆڤارەكەی كاوە گەرمیانی دادگایی كرا

لەسەر داوایەكی عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دژی كاوە گەرمیانی‌و گۆڤارەكەی، رۆژنامەنوسێك بە سێ ملیۆن دینار سزا درا.

رۆژنامەنوسی دیاری گەرمیان، دڵشاد ئەنوەر لە لێدوانێكدا بۆ سپی رایگەیاند "ئەمرۆ دادگای كەلار سزای سێ ملیۆن دیناری بەسەر گۆڤارەكەی كاوە گەرمیانی‌و مندا سەپاند".

دڵشاد ئاماژەی بەوەكرد كە لەساڵی 2013دا عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی داوایەكی یاسایی لەسەر كاوە گەرمیانی سەرنوسەری گۆڤاری رایەڵ، پێش شەهیدبوونی تۆمار كردبوو و ئەمرۆ دادگاییەكەی بەڕێوەچوو و لەلایەن دادوەری دادگای كەلار حوكمی سزا بۆ هەریەك لە كاوە گەرمیانی‌و دڵشاد ئەنوەر دەرچوو، بەڵام بەو پێیەی كاوە گەرمیانی لە ژیاندا نەماوە، سزاكەی لەسەر لابرا‌و تەنها لەسەر دڵشا ئەنوەر مایەوە.

بەپێی وتەی دڵشاد ئەنوەر، بابەتەكە لەسەر داگیركردنی موڵكێك بووە‌و ئەو رۆژنامەنوسە وەك شاهید‌و داڕیژەرەوەی بابەتەكە خۆی چووتە بەردەم دادگا. بابەتەكەش پەیوەندی بە داگیركردنی موڵكیكەوە هەبووە لەلایەن عەدنانی حەمەی مینا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییەوە،بەڵام خاوەنی موڵكەكە نەهاتووەتە بەردەم دادوەر.

كاوه‌ گه‌رمیانی‌ سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ رایه‌ڵ‌‌و په‌یامنێری‌ رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌ له‌گه‌رمیان، له‌ 2013/12/5 له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولـله‌و ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستدا، تیرۆركردنیشی‌ ناڕه‌زاییه‌كی‌ زۆری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌دوای‌ خۆیدا هێنا.



PM:01:35:21/12/2015