"ئەو پۆستە مافی رەوای یەكێتییە‌و پارتی بەتەمای نەبێت"

بەرپرسێكی یەكێتی ئاماژەبەوەدەكات، بەڕونی بەپارتیان وتوە: بەهیچ شێوەیەك بەتەمای وەرگرتنی پۆستی قائیمقامی هەڵەبجە نەبن، ئەگەر دەیەوێت بەشداری حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە بكات، دەتوانن لەوەرگرتنی پۆستەكانی دیكە ئاسانكاریان بۆ بكەن.

ئەحمەد قەدەفەری جێگری بەرپرسی مەڵبەندی نۆی شارەزوری یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان بە NNA ووتوە : ئێمە لای خۆمانەوە بابەتی پێدانی پۆستی قائیمقامی هەڵەبجە بەپارتی یەكلایی كردۆتەوە، ئەو پۆستە مافێكی ڕەوای یەكێتییەو بەدەنگی دەنگدەرەكانی بەدەستیهێناوە، بۆیە بەڕونی بەپارتیمانتووە، بەتەمای وەرگرتنی ئەو پۆستە مەبن.

ووتویەتیشی : بڕیاریانداوە لەسەر ئەو پۆستە گفتوگۆ نەكەن لەگەڵ پارتی، چونكە دابەشكردنی پۆستەكان لەلایەن لیژنەیەكی باڵای یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان ڕێككەوتنیان لەسەر كراوەو ناكرێت دەستكاری ئەو ڕێككەوتنە بكەن.

ئەوەشی ووتوە كە ئەگەر پارتی مەبەستیەتی بەشداری حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە بكات، ئەوا ئێمە دەتوانین لەوەرگرتنی پۆستەكانی دیكە ئاسانكارییان بۆ بكەین، ئەوەش بەڕەزامەندی لایەنەكانی دیكە.



PM:02:50:21/12/2015