"هاوکارمان بن بۆ گەشەپێدانی پرۆسەی دیموکراتی"

سەرۆکی پەرلەمان، لە پێشوازی سەرپەرشتیارانی کونسوڵخانەکانی یەکێتی ئەورپا و هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی یەکێتی ئەوروپا دەکات لە هاوکاری پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش و داوا دەکات شان بەشانی ئەم پشتیوانییە، هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە گەشەپێدانی پرۆسەی دیوکراتی.

 (جۆن ڤان دێر زاندی‌) کونسوڵی هۆڵەندا و سەرپەرشتیارانی کونسوڵخانەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣شەممە ٢٢-١٢ سەردانی د.یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا هەریەک لە فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و دلێر ماوەتی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و چەند پەرلەمانتارێک ئامادەبوون.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کونسوڵی هۆڵەندا، نیگەرانی خۆی لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایکرد هەمو لایەنەکان بە دیالۆگ چارەسەری کێشە و گرفتەکانیان بکەن، چونکە کێشە و گرفتەکان کاریگەریی لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئاماژەی بەوەشدا هۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا بەوردی چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکان دەدەن.

سەرۆکی پەرلەمان، لەبارەی شەڕی تیرۆرستان، وتی "گەشەکردنی تیرۆر بۆ فەشەلی دەوڵەتانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، چونکە تیرۆر لەو ناوچانە گەشە دەکەن کە دیموکراتی تێیاندا لاواز و بێ بایەخە، بۆیە بۆ هەرێمی کوردستان پرۆسەی دیموکراتی گرنگ و پڕ بایەخە.


PM:02:18:22/12/2015