" بۆ ڕیفراندۆم پێویستمان بەئاشتەوایی‌و پەرلەمان هەیە"

پەرلەمانتاری یەکێتی، گۆران ئازاد دەڵێت" بۆ هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستمان بە ئاشتەوایی و ئاکتیڤکردنی پەرلەمان هەیە".

لە نوسینێکی کورتدا گۆران ئازاد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی ریفراندۆم دەڵێت" ریفراندۆم وەک هەنگاوێکی چارەنووسساز بەر لە بڕیاردان پێویستی بە زەمینەسازی وکۆدەنگی و ئاشتەوایی سیاسی و رێگای یاسایی هەیە".

بابەتەکەی ئەو پەرلەمانتارە کە بەناونیشانی " رێفراندۆم چۆن بکرێت"، دەڵێت" دەروازەی یەکەم بۆ ڕاگەیاندنی ریفراندۆم دەبێت بەر لە هەر شتێک ئاشتەوایی سیاسی بەدی بێت و پەرلەمان رۆڵی بۆ بگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت یاسایەک پەسەند بکات بۆ دیاریکردنی میکانیزمی ریفراندۆمەکە و پێدانی دەسەڵات بۆ راگەیاندنی ریفراندۆم".


ریــفــــرانــــدۆم چۆن دەکرێت ؟
 ریفراندۆم وەک هەنگاوێکی چارەنووسساز بەر لە بڕیاردان پێویستی بە زەمینەسازی وکۆدەنگی و ئاشتەوایی سیاسی و رێگای یاسایی هەیە، لە رووی یاساییەوە دەبێت لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە ریفراندۆم هەبێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسا پێشکەش کراوە ، بەڵام چاوەڕێی نووسینی راپۆرتی لیژنەی کاروباری یاسایی و پەسەندکردنیەتی لەلایەن پەرلەمانەوە.

هەرچەندە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان مەرجەعی باڵایە بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، بەڵام بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بە دەسەڵاتەکان لە هەرێم، هیچ یه‌كێك لە دەسەڵاتەکان (پەرلەمان ، سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت) رانەسپێردراون بە مومارەسەکردنی دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆم ،جگە لەوە بەگوێرەی بڕگەکانی (یەکەم و دووەم وسێیەم و چوارەم)ی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان عێراق ، تەنها دەسەڵاتی سەرپەرشتی و رێکخستن و دەرکردنی رێنمایی تایبەت بە یاساکانی هەڵبژاردنی پێداون ، بۆیە لەسەرەتاوە دەبێـت لە رووی یاساییەوە ئەو لایەنە دیاری بکرێت کە دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆمی هەیە لەگەڵ دیاری کردنی وردەکاری ریفراندۆم٠

 کەواتە دەروازەی یەکەم بۆ ڕاگەیاندنی ریفراندۆم دەبێت بەر لە هەر شتێک ئاشتەوایی سیاسی بەدی بێت و پەرلەمان رۆڵی بۆ بگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت یاسایەک پەسەند بکات بۆ دیاریکردنی میکانیزمی ریفراندۆمەکە و پێدانی دەسەڵات بۆ راگەیاندنی ریفراندۆم.



PM:08:46:22/12/2015