بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی پرۆژەیەک ئامادە دەکەن

ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سەرکردایەتی لەناو ئەو حیزبەدا، پرۆژەیەک ئامادە دەکەن کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتی دارێژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ئەوانەی تا ئێستا بۆ سپی ئاشکرا بووە هەریەک لە سامان گەرمیانی و شاڵاوی عەلی عەسکەری و شاڵاو کۆسرەت و شێخ لەتیف و رابەری سەید ئیبراهیم و چەند کادیری تری تێدایە، پرۆژەیەکیان ئامادەکردووە کە دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتی تا سازدانی کۆنگرەی یەکێتی  دابەشبکرێت و شۆڕبێتەوە بۆ مەکتەبی سیاسی.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، دابەشکردنی ئەو دەسەڵاتانەی ئێستا بەپێ پەیڕەوی ناوخۆ لای سکرتێری گشتیە بکرێت بەچەند دۆسیەیەک و دابەشبکرێت بەسەر هەردوو جێگری سکرتێری گشتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیدا.

سەبارەت بەدابەشکردنی ئەو دۆسیانە، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو پرۆژەیە دۆسیەی دارایی، دۆسیەی پێشمەرگە، دۆسیەی پەیوەندییەکان، دۆسیەی رێکخستن، دۆسیەی میدیای گرتۆتە خۆی و هەریەک لەم دۆسیانە دەپسێردرێت بە یەکێك لە کەسە بەهێزەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.

بەپێی ئەو زانیاریانە، ئێستا خاوەنەکانی ئەو پرۆژەیە لە گفتوگۆدان لەگەڵ هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم و بەرپرسانی تری یەکێتی.   

لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی سکرتێری گشتیەوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەدەست قەیرانی کەسی یەکەمەوە دەناڵێنێت و ئێستا ئەو حیزبە هەندێک جار وەک دوو باڵ و هەندێکجار وەک سێ باڵ دەردەکەون.  



PM:09:41:22/12/2015