دوو كەس بە تاوانی ساختەكردنی پسوڵەی نەوت دەستگیركران

لەلەدرێژەی كارو چالاكییەكانی هێزەكانی ئاسایش بەمەبەستی بنەبڕكردن و نەھێشتنی تاوان، دوو تۆمەتبار دەستگیركران‌و دەستبەسەر ژمارەیەك پارەی ساختە‌و پسوڵەی نەوتدا گیرا.

 ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەنوسێت :" لەدرێژەی كارو چالاكییەكانیان بەمەبەستی بنەبڕكردن و نەھێشتنی، ساختەكاری و فریودانی ھاووڵاتیان و مامەڵەكردنی نەشیاوانەو نایاساییانە بەھەموو جۆرە دراوێك و پسوڵەی دابەشكردنی نەوت و پێناسی باری شارستانی ساختەوە، ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچون و داڕشتنی پلانێكی تۆكمە، توانیان دوو كەس بەناوەكانی " ب,م,ع و ك,ع,م" لەڕەگەزی نێر، كە ھەردوكیان كوردن دەستگیر بكەن".

ئاماژەی بەوەش كردووە :" ئەو دوو كەسە بڕی پێنج ملیۆن دیناری عیراقیی ساختە لەجۆری بیست و پێنج ھەزار دیناری و ٢٠ ھەزار دینار لەجۆری ١٠ ھەزار دیناری، ٧٤٨ پسوڵەی دابەشكردنی نەوتی ژمارە ٢٢ ساختەو ٧٠٩ پێناسی باری شارستانی ساختەیان پێبووەو بەنیازبوون كە پارەكان ساغ بكەنەوەو پسوڵەو پێناسەكانیش لەبازاڕدا بفرۆشنەوە."

لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە :" دەستگیركردنی ئەو دوو تۆمەتبارە، بەفەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی ٢٨٠ لەیاسایی سزادانی عیراقی بووە."



AM:10:25:29/12/2015