داوا دەکرێت نێچیرڤان بارزانی پۆستەکەی رادەستی کەسێکی تر بکات

سەرۆکی فراکسیۆنی گٶڕان سەرۆکی حکومەت بە شکستخراودو ناوزەدە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پۆستی سەرۆکی حکومەت لای پارتی و نێچیرڤان بارزانی نەمێنێت.
   
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقو هۆشیار عەبدوڵا لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکو دەڵێت" كابینەكانی حكومەت یەك لە دوای یەك شكست خواردوو بوون، كاتیەتی بەڕێوەبردنی حكومەت و سەرۆكایەتی حكومەت لای پارتی و لای نێچیرڤان بارزانی نەمێنێت".

هۆشیار عەبدوڵا لەو پەیامەدا نووسیویەتی " بۆ دەستبەكار بونەوەی حكومەت لەسەر بنەمایەكی تازە وەك (كاك مەسعود بارزانی) داوای دەكات ، فیعلەن بنەمای نوێ گرنگە، بەڵام ئەوە كرداری دەوێت نەك تەنێ دروشم".

ناوبراو وتیشی " لە ساڵی ۲٠٠٥ ەوە ئەوەی بە حساب یەكخستنەوەی ئیدارە بوو، كە هەر زوو گۆڕا بۆ بە پارتیكردنی ئیدارە ، لەو كاتەوە بە گشتی حكومەت لای پارتی بووە و بە تایبەتیش لە لایەن برازاكەی مەسعود بارزانییەوە سەرۆكایەتی كراوە".

هۆشیار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشكردووە" لە سایەی ئەو حوكمڕانیەدا خەڵك متمانەی بە حكومەت نەماوە ، ئێستا هەرێم و ئەزمونەكەی بەهۆی گەندەڵی و دەستپیسی و تاڵانوبڕۆ و جەهلی ئیداری و كارگێری و حوكمڕانیەوە ۲۲ ملیار دۆلار قەرزدارە، بە مانای وشە ئەو كابینە وزاریانەی پارتی سەرۆكایەتی كردون، كابینەی یەك لە دوای یەكی شكست خواردوو بوون ، كاتیەتی بەرێوەبردنی حكومەت و سەرۆكایەتی حكومەت لای ئەو حیزبە (پارتی) و لای ئەو شەخسەش(نێچیرڤان بارزانی) نەمێنێت".

ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەهەر سێ پۆستی، سەرۆکی هەرێم و سەرکۆی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت، دەبێت تەنها یەک پۆست لای پارتی بێت.

ئەو لێدوانەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەکاتێکدایە تا ئێستا بزووتنەوەی گٶڕان لەزاری وتەبێژەکەیەوە لەسەر دوا لێدوانی بارزانی کە بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە بڵاویکردەوە، هیچ لێدوانێکی فەرمی بڵاونەکردۆتەوە.   



PM:02:40:03/01/2016