حکومه‌تی هه‌رێم رای خۆی له‌سه‌ر کێشه‌ی نێوان ئێران‌و سعودیه‌ راگه‌یاند

دوای له‌سێداره‌دانی که‌سایه‌تی شیعه‌ " شێخ نه‌مر" و هه‌لكشانی بارگرژی نێوان ئێران و سعودیه‌، حکومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاند.

له‌ لێدوانێکدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی، فه‌لاح مسته‌فا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ وتی" هه‌رێمی کوردستان نابێت بە بەشێك لە كێشەی نێوان ئەو دوو وڵاتە".

فه‌لاح مسته‌فا وتیشی " "ئێمە بە ھیچ شێوەیەك نابین بە بەشێك لەو كێشەیەی کە لە نێوان ئێران و سعوودیا ھەیە، گیروگرفتی زۆر لە ناوچەكەدا ھەن و پێویستە بە رێگەی دیالۆگ و ئاشتیی پرسەكان چارەسەر بكرێن".

ناوبراو هیوای خواست که‌ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بتوانێ رۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ئەوەی ئەو كێشانە زیاتر تەشەنە نەكەن و بگەنە چارەسەرێك.
ئەم ھەڵوێستەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوای ئەوەیە کە ھەندێك لە وڵاتانی عەرەبیی هاوشێوەی سعوودیه‌ پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانیان لەگەڵ ئێران بچڕاند و پشتگیریی خۆیان بۆ ریاز دەربڕی.



PM:02:39:07/01/2016