نەوشیروان مستەفا لەگەڵ یەکخستنەوەی یەكێتیدایە، نیگەرانیشە لەباڵێکیان

رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەرچەندە پێی باشە باڵەکانی یەکێتی کیشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، بەڵام نیگەرانە لە باڵی بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لەو سەردانانەدا کە کەسانی یەکێتی و گۆڕان بۆ لای نەوشیروان مستەفایان  لە لەندەن کردووە، ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە پێویستە کێشەکانی ناو یەکێتی چارەسەر بکرێن، بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، نیگەرانی خۆشی لە هەڵوێستی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، جێگرانی یەکەم و دووەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەشاردۆتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە نیگەرانی نەوشیروان مستەفا لەو دووکەسە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی هەردووکیان بەرامبەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و پرسی رێگاگرتن لەسەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان، لەکاتێکدا چەند کەسێکی باڵی هێرۆ ئیبراهیم بە راشکاوانە هەڵوێستی خۆیان لەسەر پەکخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان دەربڕیووە.

سپی زانیویەتی، لەو سەردانانەدا کە خەڵکانی یەکێتی و گۆڕان کردوویانە بۆ لای، نەوشیروان مستەفا راشکاوانە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تا ئێستا کۆسرەت رەسوڵ وەک جێگری سەرۆکی هەرێم ماوەتەوە لە پۆستەکەیدا و هیچ لێدوان  و ناڕەزایەتییەکی پێشنانەداوە،.

سەبارەت بە د. بەرهەم ساڵح، نەوشیروان مەستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەرهەم ساڵح لەدەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕاندا، هیچ ناڕەزانی و هەڵوێستێکی پێشان نەداوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، نەوشیروان مستەفا سەرباری ئەو نیگەرانیانە، بەڵام جەختی لەسەر چارەسەرکردن و کۆتایی هێنان بە کێشەکانی یەکێتی کردۆتەوە.     



AM:01:19:08/01/2016