"ئێران سەرکردەکانی یەکێتی هان دەدات لەگەڵ بارزانی ڕێکبکەون"

بەرپرسێکی ئێرانی سەردانی هێرۆ ئیبراهیم کەسایەتی دەستڕۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات و هانی دەدات سەردانی بارزانی بکات و لەگەڵیدا رێککەوتن ئەنجام بدەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند "لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا گەورە بەرپرسێکی کۆنسولگەری ئێران لەهەرێم "عەلی پەناهی"  سەردانی هێرۆ ئیبراهیم و سەرکردەکانی یەکێتی کردووەو هانی داون کە سەردانی بارزانی بکەن و لەگەڵیاندا بکەونە رێککەوتن".

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەم هەڵوێستەی ئێران بۆ خەڵکی کوردستان و زۆربەی لایەنە سیاسیەکان بابەتێکی چاوەڕوان نەکراوە.

ئەو هاندانەی وەفدی ئێرانی دوای ئەو سەردانەی کەسایەتی نزیکی بارزانی و راوێژکاری پێشووی تاڵەبانی، فەخری کەریم زەنگەنە دێت کە مانگی رابردوو بە فەرمی نامەیەکی سەرزارەکی بارزانی گەیاندبووە هێرۆ ئیبراهیم تا سەردانی بارزانی بکات، بەڵام ئەو دەمە هێرۆ ئیبراهیم داوای کردبوو کۆسرەت رەسوڵیش هاوڕێی سەردانەکەی بێت بۆ لای بارزانی.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لە رۆژانی داهاتوودا هێرۆ ئیبراهیم بەهاوڕێیەتی کۆسرەت رەسوڵ سەردانی بارزانی دەکەن.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو هەڵوێستەی ئێران رەنگدانەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی، لە لایەکەوە سەرباری جومجوڵی سیاسی بارزانی بۆ سعودیەو تورکیا، بەڵام هێشتا ئێران بێ ئومێد نەبووە لە بارزانی، لەلایەکی تریشەوە ئێران رێککەوتنێکی نەوت و گازی سروشتی هەیە لەگەڵ پارتیدا کە وا بڕیارە ئەمساڵ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لەماوەی شەش مانگی رابردوودا دووجار هانی لایەنەکانی داوە لەگەڵ بارزانی و پارتی رێکبکەون، ساڵی پاری هانی لایەنەکانی دا رەزامەندی پێشان بدەن لەسەر مانەوەی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم، ئێستاش هانی لایەنەکان و بەتایبەتی یەکێتی دەدات کە لەگەڵ بارزانی رێکبکەون. 



PM:09:30:08/01/2016