بەرەی توركمانی: خەندەقەكانی هەرێم ئامادەسازیە بۆ دابەشكردنی عێراق

ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی ڕایگەیاند خەندەقەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەسازیە بۆ دابەشكردنی عێراق.

هەرێمی كوردستان بە هاوكاری چەند كۆمپانیایەكی جیهانی سەرەمی لێدانی خەندەقێكە لە سنورەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە و لە ڕێی مانگی دەستكردەوە سنورەكان دیاری كراون.

ئەرشەد ساڵحی لە بەیاننامەیەكدا نوسیویەتی" ئەم خەندەقە كارێكی تەواو گومانیە و سێ كۆمپانیای جیهانی ئەمریكی و بەریتانی و فەڕنسی لە ڕێگەی مانگی دەستكرد و سیتممی ( جی پی ئێس) سنورەكانیان كێشاوە لە ڕەبیعەوە تاوەكو قەزای دوزخورماتوو كە تێیدا قەزای ئامرلی دەركراوە و و واتر خەندەقەكە بەردەوام بوە بۆ ناوچەكانی دیالە تاوەكو قەزای خانەقین".

ئەرشەد ساڵحی دوپاتی دەكاتەوە كە ئامانجی خەندەكەی هەرێم ڕوون نیە و دەبێت حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەری بێتە دەنگ.

وتیشی لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بە فەرمی ئەو باسە دەخەنە دانیشتنەكانەوە و هیچ پاساوێك نیە بۆ پاراستنی كەركوك بە بیانوی داعشەوە بەڵكو ئامادەكاریە بۆ دابەشكردنی عێراق و دەبێت لیژنەی بەرگری و ئاسایش لێكۆڵینەوەی جدی بكات لەوبارەیەوە".




PM:04:50:10/01/2016