"زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی هەرێم دیار نییە"

پەرلەمانتارێكی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بەپێی بەدواداچوونێكیان ئاستی بەرهەمی نەوتی كوردستان لە مانگی رابردوودا رۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بووە و نزیكەی 426 ملیۆن دۆلاریش لە داهاتی نەوت لە مانگی رابردوودا دیار نییە.

عەلی حەساڵح لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك باسی لەوەكردووە، نزیكەی 400 هەزار بەرمیل بەرهەمی پێنج كێڵگەی نەوتی ئاڤانا، بای حەسەن، جەمبور و خەبازی پارێزگای كەركوك بووە، 300 هەزار لەم بڕە بە تانكەر رۆیشتووە.

هەروەها لە بەشێكی تری نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، نزیكەی 600 هەزار بەرمیل نەوتی دیكە لە كێڵگەكانی پارێزگای دهۆك، هەولێر و سلێمانی بەرهەمهاتووە، 284 هەزار بەرمیلی بە بۆری رۆیشتووە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری دەڵێت:"بەپێی زانیارییەكانی ئێمە نرخی تێكڕای ئەو پارەی بۆ هەر بەرمیلێك ماوەتەوە، 25 دۆلارە كە دەكاتە 452 ملیۆن و 643 هەزار دۆلار، ئەو بڕە پارەش كە ماوەتەوە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی 14% كەمترە لەو بڕەی كە حكومەتی عێراق بۆ هەر بەرمیلێك بۆی ماوەتەوە".

لە نوسینەكەیدا ئەو ئەندام پەرلەمانەی كوردستان ئەوەیشی خستووەتەڕوو، كۆی داهاتی نەوت، لە مانگی پێشوودا دەكاتە 676 ملیۆن و 743 هەزار دۆلار، كە 95% موچەی پێدابیندەكرا، بەو پێیە پێداویستی موچە 710 ملیۆن دۆلارە، بەڵام پارەی دیار تەنیا موچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش بۆ مانگی ئەیلول دراوە، كە نزیكەی 250 ملیۆن دۆلاری دەوێت و بەوپێیەیش 426 ملیۆن دۆلارەكەی دیكە دیارنییە.



PM:01:57:12/01/2016