داواكاری گشتیی: سەدان دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسان بێ ئەنجام ماونەتەوە

ئەندامانی داواكاری گشتیی سلێمانی لەبەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنن بەهۆی كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێم، سەدان دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسانی پلە باڵای حیزبی‌و حكومییەكان نەگەیشتونەتە ئامانج.

لە بەیاننامەكەدا كە وێنەیەكی بۆ سپی نێردراوە هاتووە: چاكسازی ڕاستەقینە پێویستە لەدۆسێ‌ گرنەكاندا بكریت كە زۆربەیان لەلایەن داواكاری گشتییەوە سكاڵای سزایی تیادا جوڵێنراوە وەیاخود داواكاری گشتی لەبەدواداچونی بەردەوامدایە بۆیان, وەك دۆسێی نەوت و گازو دەنگۆی ڕۆشتنی نەوت و گاز لەڕێی هەزاران تە نكەرەوە كە نازانرێ‌ داهاتەكەی بۆكوێ و بۆكێ‌ دەچێت.

دەقی بەیاننامەكە:
                    
 بەیاننامەی  ئەندامانی داواكاری گشتی سلیمانی
دیارە چەند ساڵێكە پرسی گەندەڵی و چاكسازی لەهەرێمی كوردستان بۆتە باس و خواستی سەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن وشەقام  وچین وتوێژەكانی كۆمەڵانی كوردستان، وە سەرەڕای ئەوەی داواكاری گشتی كاری لەسەر سەدان دۆسێی گەندەڵی كردوەو چەندین سكاڵای سزایی دژی بەرپرس وپلە باڵا حیزبی و حكومییەكان جوڵاندوە, بەڵام هیچ كام لەو دۆسێیانە نەگەشتۆتە ئاكام  بەهۆی كەمتەرخەمی لایەنی جێبەجێكار كە خۆی لەحكومەتی هەرێمدا دەبینێتەوە, چاكسازی نەك هەرخواستی ئێمەیە، بەڵكو یەكێكە لەئەركە هەرە سەرەكییەكانمان  كە كارمان بۆ كردوەو دەیكەین, بەڵام لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ئەو ئەركەمان بێ‌ ئاكام بوەو كاریگەری نەكردۆتەسەر دۆخەكە, وە ئاشكرایە كە هۆكارەكەی  نەبونی سەروەری یاسایە كە بەكلیلی چارەسەری گشت قەیرانەكان و تەنگەژە داراییەكان دادەنرێ‌, وەبەبێ‌ ئەو سەروەرییە مەحاڵە چاكسازی ئاكامی هەبێت .
وە بەڕای ئێمەچاكسازی پێویستە لەدۆسییەكانی گەندەڵیەوە دەست پێبكات كە كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ بەرەوباش بردنی دۆخەكەو كەمكردنەوەی قەیرانی ئابووری بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم/پەرلەمانی كوردستان كە دەسكەوتێكی مێژوویەو بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان وچاودێرییە, پێویستە بەزوترین كات بەگەڕبخرێتەوەو دەسەڵاتی فعلی بۆ بگەڕێتەوەو لایەنە سیاسییەكان هەنگاوی جدی بنێن بۆی بەبێ‌ هێنانەوەی هیچ پاساوێك.
دووەم/ گەڕاندنەوەی شكۆ و سەروەری بۆ یاسا بە جێبەجێ‌ كردنی بڕیارەكانی دادگا بەتایبەت ڕادەست كردنی ئەو تۆمەتبارانەی كە داواكراون لەدۆسییەكانی گەندەڵی كە لەلایەن داواكاری  گشتی جوڵێنراون و زۆرێك لەو داواكراوانە  لەلایەن لایەنەسیاسیەكانەوە داڵدەدراون وپشتگیری دەكرێن.
سێیەم/ لەگەڵ پشتگیری تەواومان بۆ هەموو هەنگاوێكی چاكسازی، بەڵام چاكسازی ڕاستەقینە پێویستە لەدۆسێ‌ گرنەكاندا بكریت كە زۆربەیان لەلایەن داواكاری گشتییەوە سكاڵای سزایی تیادا جوڵێنراوە وەیاخود داواكاری گشتی لەبەدواداچونی بەردەوامدایە بۆیان, وەك دۆسێی نەوت و گازو دەنگۆی ڕۆشتنی نەوت و گاز لەڕێی هەزاران تە نكەرەوە كە نازانرێ‌ داهاتەكەی بۆكوێ و بۆكێ‌ دەچێت, وەدۆسێی فەرمانبەری بندیوارو خانەنشینی نایاسایی و دۆسێی داگیركردنی موڵكی گشتی لەلایەن لایەنە سیاسییەكان لەكاتێكدا چەندەها فەرمانگەی حكومیی لە كرێنیشیندایە, هەروەها دۆسێی دانانی پاسەوان بۆ كەس و لایەنی سیاسی كە هیچ پۆستێكی حكومییان نییە و سەدان پۆلیس لەسەر میلاكی حكومەت وەك پاسەوان تەرخان كراون بۆیان و مووچەیان لە ئەستۆی حكومەتە .
چوارەم/پشتگیری تەواو لەداوای ڕەوای فەرمانبەران و مامۆستایان دەكەین لەپێدانی مووچەكانیان كە دەتوانرێ‌ لەماوەیەكی كەمداو بەئەنجامدانی كاری جدی بۆچاكسازی لەلایەن حكومەت و لایەنە سیاسییەكانەوە بەشێك لەقەیرانی ئابووری و نەبوونی مووچە چارەسەر بكرێت كە بەهۆیەوە مانگرتنی فەرمانبەران دەستی پێكردووەو بۆتە هۆی پەكخستنی دەزگاكانی حكومەت.
لەكۆتاییدا هۆشداری دەدەینە حكومەت و لایەنەسیاسییەكان باچیتر ئەم هەرێمەو ئەزموونەكەمان نەكرێتە قوربانی دەستكەوتی حیزبی و كەسی چونكە نیشانەكانی هەرەسهێنانی ئەم ئەزموونە دەركەوتووەو تاكی كوردی ڕوو لەنائومێدییە و ڕێژەی تاوان ڕوولەهەڵكشانە, ماوەتەوە بڵێین بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی كە شەڕی داعش بەسەر گەلەكەماندا سەپاندوویەتی توێژێكی زۆری كۆمەڵگاكەمان بێدەنگی و بێ‌ هەڵوێستی هەڵبژاردووە لەبەرامبەر كەمتەرخەمییەكانی حكومەت ولایەنە سیاسییەكاندا كە لەداهاتودا مەترسی كاردانەوەی خراپی لێدەكرێ.
                                       ئەندامانی داواكاری گشتی سلێمانی                                            13/1/2016



PM:01:28:13/01/2016