"نازانم گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ بۆ لەم دزی و فزیە ناكشێنەوە"

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، رەخنە لە گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵە دەگرێت‌و داوایان لێدەكات حكومەت بەجێبهێڵن‌و رووبكەنە سەر شەقام.
 
عەلی حەمە ساڵح لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردەوە، ساڵێك و پێنج مانگە بایی حەوت ملیار دۆلار نەوتی كەركوكتان فرۆشت و دۆلارێكتان نەدا بە كەركوك و بەغدا كەس قسەی نەكرد، موچەی ١٠ مانگە.

هەروەها دەڵێت :"١٢ ملیار دۆلار داهاتی نەوت بووە، پێش بڕینی پارە لەبەغداو زۆرینەی دیار نییەو دیسان كەس قسەی نەكرد".

دەشڵێت :"بە ئارەزووی خۆتان كۆمپانیاتان لە خاڵە سنورییەكان داناوەو و پارە كۆدەكەنەوە بۆ خۆتان كەس قسە ناكات".

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی بەمجۆرە درێژە بە نوسینەكەی دەدات :"بانك هی خۆتانەو پارەی نەوتی تێدەچێت! كۆمپانیای نەوتی هی خۆتانە، بەگران گازوایل دەفرۆشنە حكومەت، زەوی باش نەما داگیری نەكەن، هەر كەس قسەی نەكرد، نەك نیو موچە هیچیش نەدەن، كەس قسە ناكات".

ئاماژە بەوەش دەكات، بەبەڵگەوە وتمان پارەی مانگی پێشوو بەشی ٩٥٪ موچە دەكات، هەر كەس قسەی نەكرد، لەوەتەی بەغدا پارەی بڕیوە ١٤ ملیار دۆلارتان داوە بە موچە، بەڵام دەڵێن ٢٠ ملیار قەرزدارین، گریمان پارەی نەوت هەمووی خورا، چۆن ١٤ ملیار دۆلارتان داوە بە موچە، بەڵام ٢٠ قەرزدارن.

هەورەها دەڵێت :"دەستتان خۆش، ئەوە ئێوە نین تاوانبارن، ئەوە گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵن، بێدەنگی ئەوانە ئێوەش وادەكەن، نازانم ئەم سێ حیزبە بۆ لەم حكومەت و دزی و فزیە ناكشێنەوە بۆ رووناكەنە شەقام".
 
دەشڵێت :"لەم دەقەوە دەبێت بە ئەندازەی پارتی و یەكێتی رەخنە لە ئێوە بگرین، تكایە تكایە بەسە بێ دەنگیتان".




PM:03:13:17/01/2016