قادر عه‌زیز: هه‌ر حیزبێک بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت رازیه‌ به‌و وه‌زعه‌


 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د.یوسف محەمەد سادق، بە ئامادەبونی سالار مەحمود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەوز و ئەبو کاروان سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لەپەرلەمانی کوردستان، ئەمرۆ یەک شەممە، پێشواز لە قادر عەزیز سکرتێری گشتی حیزبی ئایندە و شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی حیزبی ئایندە کرد. 

لە کۆبونەوەیەکدا، قادر عەزیز پشتیوانی خۆی بۆ شەرعییەتی سەرۆکی پەرلەمان دەربڕی و داوای کرد حیزبەکانی کوردستان بەم بارودۆخەی پەرلەمانی کوردستان ڕازی نەبن، ئاماژەی بەوەشدا، هەر حیزبێک لە ئێستادا بێدەنگی هەڵبژێرێت، مانای ئەوەیە ڕازییە بە پەکخستنی پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی و دەزگا دیموکراتییەکانی هەرێمی کوردستان. 

لە کۆتایی وتەکانیشدا، سکرتێری حیزبی ئایندە وتی"ڕێگرییکردنی لەسەرۆکی پەرلەمان لەلایەن حیزبێکەوە، پرۆسەی دیموکراتی هەرێمی کوردستانی خستە ژێر پرسیارەوە." سەرۆکی پەرلەمان، دوای بەخێرهاتنی شاندی باڵای حیزبی ئایندە، ئاماژەی بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گوتاریی کورد لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و ململانێی سیاسی هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد، ئاماژەی بەوەدا بەم بارودۆخە ناوخۆییەوە، کورد ناتوانێت لە باشوری کوردستان یاریزانێکی سەرکەوتووی گەمە سیاسییەکان بێت."



PM:07:09:17/01/2016