وردەكاریی كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی پێهات‌و لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا ئەنجومەنێك بەناوی ئەنجومەنی باڵای داهات دروست بكرێت‌و بۆ سەرپەرشتی كردنی خەرجی‌و داهاتی هەرێم.

 ئەنجوومەنەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەرباز كۆسرەت، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، مەولود باوە موڕاد، وەزیری گواستنەوە بەوەكالەت پێكدێت. ئەنجوومەنەكە سەرپەرشتی چۆنییەتی فرۆشتنی نەوت و پەیداكردنی داهات، لەگەڵ خەرجكردن و دابەشكردنی داهاتەكە بەشێوەیەكی هاوسەنگ دەكات.

لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە رۆژی شەممە 23-1-2015  وۆركشپۆپێكی فراوان بە بەشداری هەموو وەزارەتەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی سازبكرێت، بەمەبەستی خستنەڕووی روونكردنەوەی زیاتر لەبارەی پلانی حكومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، دوای وۆركشۆپەكەش حكومەت دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی چۆنییەتی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نالەبارە دەردەكات.

لەبارەی كەمكردنەوەی وەزارەتەكان و پووختكردنەوەی حكومەت كە پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە باسی لێوە دەكرا، سامی ئەرگۆشی سكرتێری رۆژنامەڤانی سەرۆكی حكومەت بە رووداوی راگەیاند  "تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بە دوو قۆناخ دەبێت، یەكەم: ئەو رێكارانەی دەگیرێنە بەر بۆ چۆنیەتی ئەو داهاتەی حكومەت دەستی دەكەوێ. دووەم: ئەنجامدانی كۆمەڵێك چاكسازی، لەوانە كەمكردنەوەی وەزارەتەكان، پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچە و سیستەمی ئیداری، كۆمەڵێك ئیجرائاتی دیكەش دەكرێن بۆ بچوكردنەوەی حكومەت".

بۆ هاوسەنگی راگرتنیش لەنێوان داهات و خەرجی، ئەرگۆشی باسی لەوە كرد كە بڕیار لەبارەی كەمكردنەوەی نرخی شتومەك، كرێی خانوو، هاتووچۆ و خزمەتگوزارییەكان دەردەكرێت. هەروەها گوتی "بەدڵنیاییەوە هەرچی لە داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەست حكومەت دەكەوێت، بەپێی پلانێك بۆ دەربازكردنی ئەم قۆناخە بەكاردەهێندرێت و بە هاوسەنگیش دابەش دەكرێت".



PM:04:16:20/01/2016