نێچیرڤان بارزانی: حکومەتی هەرێم زۆر تەنیایە

‌ئەرشیف.. بارزانی و شای سعدیە
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند" حکومەتی هەرێم زۆر تەنیایە". 

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ ١/٢٠ لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا کە بۆ کێشەی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە سازکرابوو وتی"‌ هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت پاره‌ چاپ بكات، ناتوانێت قه‌رز بكات، ئێمه‌ زۆر ته‌نیاین، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ له‌ جیاتی جیهان شه‌ڕ ده‌كه‌ین، له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش هیچ هاوكارییه‌كی دارایی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه‌.

 چاودێرێکی سیاسی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەسەر ئەو لێدوانەی حکومەتی وتی" زۆر مایەی سەرسوڕمانە سەرۆکی حکومەت دەڵێت" ئێمە زۆر تەنیاین"، ئەوان گرێ بەستی ٥٠ ساڵەی نەوتیان لەگەڵ تورکیا هەیەو خۆیان وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی تورکیا ناوزەد دەکەن، مانای چی دەڵێت، زۆر تەنیاین".

چاودێرە سیاسییەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات مانگی رابردوو شا سەلمان پادشای سعودیە وەک دەستە برا لەگەڵ بارزانیدا هەڵسوکەتی دەکردو بەشێوەیەکی زۆر گەرم پێشوازیان لێکردو دواتریش میدیاکانی  پارتی ئەو سەردانەیان بەدەستکەوتی زۆرگەورە ناوزەد کرد، ئەی ئێستا چۆن سەرۆکی حکومەت دەڵێت زۆر تەنیاین.

سەبارەت بەشەڕی داعشیش، بەقسەی چاودێرەکە بەرپرسانی پارتی هەمیشە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە ئەوان بەشێکن لە سیستەمی سیاسی و ئەمنی و ئابوری ناوچەکە و لەبری جیهان شەڕ دەکەن، ئێستا چۆن دەڵێت؛ زۆر تەنیاین".

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20.1.2016 به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و ئاماده‌بوونی  قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ساز كرا كه‌ تیایدا هه‌ریه‌كه‌ له‌  پارێزگاره‌كانی هه‌ولێر، هه‌ڵه‌بجه‌ و دهۆك به‌شدار بوون.

ئەو کۆبوونەوەیە  تایبه‌ت بوو به ‌دۆخی دارایی و چۆنیه‌تیی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌ و ‌ئه‌و هه‌نگاو و ڕێكارانه‌ی كه‌ حكوومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری ده‌یانگرێته‌ به‌ر، لەو کۆبوونەوەیەدا وەک ماڵپەڕی فەرمی حکومەت بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی ئاماژەیان بۆ هەندێک ڕێوشوین کردووە کە دەیگرنە بەر بۆ روبەروبوونەوەی ئەو بارودۆخە.



PM:08:50:20/01/2016