"لەم قەیرانە داراییەدا یەکێتی ئۆتۆمبیڵ بۆ پەرلەمانتارەکانی دەکڕێت"

لەم قەیرانە قوڵە داراییەی هەرێمدا کە پێنج مانگە فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتووە، یەکێتی و پارتی بەردەوامن لە خەرجیە زۆرەکانیان و لەدوا هەنگاودا یەکێتی ژمارەیەک فۆردی "ئێکسپرەیەدەیشن" بۆ ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستانی دەکڕێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند لەچەند رۆژی رابردوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆمپانیای فۆرد لە سلێمانی ژمارەیەک جێبی فۆرد ئیکپرۆدەیشنی بۆ ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستانی کڕیووە.

بەپێی ئەو زانیاریانە ئەو ئۆتۆمبیلانە نرخی جیاجیان هەیە، بەڵام هەر دانەیەکیان لەسەرو ٣٠ هەزار دۆلارەوەیە ( واتە سێ دەفتەر دۆلار)ەوەیە لە کۆمپانیا، تیاشیاندایە لەسەرو ٤٥ هەزار دۆلارەوەیە ( واتە چوار دەفتەر و نیو).

سپی پەیوەندی کرد بە چەند ئەندام پەرلەمانێکی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ئەوەی لەسەر ئەو پرسە لێدوان بدەن، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک بدەن و لەو بارەیەوە قسە بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لە کۆی ١٨ ئەندام پەرلەمان چەند پەرلەمانتارێکی ئەو لیستە ئەو ئۆتۆمبیلانەیان بۆ نەكڕدراوەو چەند ئەندامێکیشیان جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لەم قەیرانە قوڵە داراییەدا کڕینی ئەو ئۆتۆمبیلانە کارێکی " باش " نییە.

ساڵی پار سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەیدا بوو بە قیست ئۆتۆمبیل بۆ ئەندام پەرلەمانەکانی هەموو لیستەکان بکڕێت، بەڵام لەژێر فشاری میدیاکاندا بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە، یەکێتی پار بڕیاری دابوو وەک حیزب بۆیان بکڕێت، هەندێک زانیاری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەشێکی کەمی نرخی کڕینی ئەو ئۆتۆمبیلانە پەرلەمانتارەکان خۆیان پارەکەی دەدەن.
   



PM:07:54:21/01/2016