هەولێر بە سێ خاڵەوە لە پیرمام گەڕایەوە



 لەچوارچێوەی یارییەكانی گەڕی شەشەم لە ركابەرییەكانی كۆمەڵەی یەكەمی خولی نایابی فاستلینكی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی لەسەر یاریگەی یانەی ئارارات، هەردوو یانەی ئارارات و هەولێر لەكەشوهەوایەكی ساردا رووبەرووی یەكتربوونەوە و هەولێریش یارییەكەی بە 2-1 گۆڵ بردەوە.


یارییەكە بەفیكەی ناوبژیوان سەباح حەمەڕەزا دەستیپێكرد و گێمی یەكەم تیپی خاوەن یاریگە لەسەرخاكی خۆی سەرەتا بەئاستێكی بەرز دەركەوت ، ئەوەبوو لەخولەكی 15دا لەرێگەی یاریزان سەفین عەبدولخالق گۆڵی یەكەمی تۆماركرد، دوای ئەم گۆڵە تیپی ئارارات لەهێرشبردن بۆ سەرگۆڵی یانەی هەولێر بەردەوام بوو ، بەڵام بەهۆی پەلەكردنیان بەمەبەستی گۆڵتۆماركردن هێرشبەرانی یانەی ئارارات هیچ سوودێكیان لەهێرشبردنەكە نەبینی، كە شایەتی باسكردن بێت، ئەگەرچی یاریزانانی هێڵی بەرگڕی هەولێر  بەتوندی یاریان لەبەرانبەر تیپی خاوەن یاریگە دەكرد و هیچ دەرفەتێكیان نەدەدا كە بە ویست و ئارەزووی خۆیان یاریی بكەن.


 لەكۆتایی كاتی زیادكراوی گێمی یەكەمیشدا بەهۆی توندو تیژی یاریكردن، ناوبژیوانی یارییەكە یاریزانی یانەی ئارارات محەمەد باپیری بە كارتی سوور كردە دەرەوە، بەمجۆرە گێمی یەكەمی یارییەكە بە گۆڵێك بۆ ئارارات كۆتاییهات.


گێمی دووەمی یارییەكە ئارارات بە 10 یاریزانەوە یاریكرد، بۆ بەهێزكردنی پێكهاتەی تیپەكەی و  سوود وەرگرتن لەدەركردنی یاریزانی تیپی بەرانبەریش، راهێنەری هەولێر یوسف كاكێ  بەمەبەستی گۆرینی پلانی یارییەكە لەسەرەتای گێمی دووەم بەشداری بەهەر یەك لەیاریزانان


هەردی سیامەند و دیار رەحمان و میران خەسرەو كرد، پاش هاتنە ژوورەوەی ئەو یاریزانانە ئاستی یانەی هەولێر باشتر بیندرا و لە هەمان كاتدا فشارێكی زۆریان خستبووە سەر دیدار حامیدی گۆڵپارێزی یانەی ئارارات، ئەوەبوو لەخولەكی 52 دا لەرێگەی یاریزانی یانەی هەولێر ئیڤان خالید گۆڵی یەكسانبوونی تۆمار كرد، دوای ئەم گۆڵەیش یاریزانانی هەردوولا زۆر بەتوندو تیژی یارییان دەكرد، بەتایبەتی یاریزانانی یانەی ئارارات بەهۆی دەركردنی یاریزانێكیان، ناچاربوون بۆ پارێزگاریكردن لەئەنجامی یارییەكە، كەهەردوولا بەگۆڵێك یەكسانبوون، بەپلانی بەرگری یارییان دەكرد، بەڵام ئەم پلانە هیچ سوودی بۆ ئارارات نەبوو، هەر لەدرێژەی هێرشەكانی تیپی میواندا، لەخولەكی 60دا لەرێگەی یاریزانی یانەی هەولێر بارزان شیرزاد گۆڵی دووەم و سەركەوتن بۆ هەولێر تۆماركرا،  بەوشێوەیە یاری نێوان ئارارات و یانەی هەولێر بەئەنجامی 2-1 گۆڵ لەبەرژەوەندی یانەی هەولێر كۆتاییهات و یانەی هەولێر بەو سەركەوتنە كۆی خاڵەكانی گەیشتە 9 خاڵ و لەپلەی دووەمی كۆمەڵەی یەكەمدا دەبیندرێت، بەپێچەوانەوە یانەی ئارارات لەپلەی پێنجەمدایە بەكۆكردنەوەی 5 خاڵ.

سایتی KFA


SPEE SPORT

PM:09:06:29/01/2016