فاروق مەلا مستەفا: سیاسەتی ئابوری حکومەتی هەرێم شکستی خواردووە

فاروق مەلا مستەفا وەبەرهەمهێن و كەسایەتیی ناسراوی كوردستان، دەڵێت" سیاسەتی ئابوریی حكومەتی هەرێم بەدڵنیاییەوە شكستی خواردووە".

 لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی (كوردستان 24) لەسەر دۆخی ئابوریی هەرێمی كوردستان، فاروقی مەلا مستەف دەڵێت" سیاسەتی ئابوریی حكومەتی هەرێم بەدڵنیاییەوە شكستی خواردووە.. بڕی داهات كەمتر بووە لە خەرجییەكان.. خەڵكانی شارەزا و پسپۆڕ ئاگاداری داهات و خەرجی هەرێم نین بۆیە توشی ئەم قەیرانانە بووین".

ناوبراو پێیوایە دامەزراندنی سیستمی بانكی وەك رێگەچارەیەك بۆ رزگاربوون لە قەیرانەكان و بەدیهێنانی سەقامگیری وەسفدەكات، ئاماژە بەوەشدەكات كە پێویستە حكومەت رێگری بكات لە بردنە دەرەوەی پارەكانی هەرێم، هەروەها گەڕانەوە بۆ بەغدا و رێككەوتن لەگەڵیان بەیەكێكی دیكە لە چارەسەری قەیرانەكانی هەرێم هەژماردەكات.

ئەو دەڵێت"سیستمی مووچە لەم وڵاتەدا هەڵەیە و لە هیچ وڵاتێكدا بەوشێوەیە ئیدارە نادرێت.. بڕی مووچە زۆر بەرزە بەڵام بەرهەم كەمە، پێشتریش پێشبینیمان كردوە كە ئەم قەیرانە روودەدات".

سەبارەت بە دیاردەی گەندەڵی لە کوردستان، فاروقی مەلا مستەفا دەڵێت" "گەندەڵی بووە بە وشەیەكی مۆسیقی و زۆر كەس پێی عەیب نییە. ئەم وشەی گەندەڵییە چییە لەچاو ئەو هەمو پارەخواردن و پاشاگەردانی و بێ سەروبەرییەدا".

ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات تا ئێستا چینێكی نیشتمانپەروەری سەرمایەدار لە كوردستانی عێراقدا نییە و دەلێت" زوربەی چینی دەوڵەمەندەكان لە بوارەكانی بازرگانیی خێرادا كاردەكەن نەك لە ژێرخانی وڵات. پارە لێرە پەیدا دەكەن و لە دەرەوە موڵكی پێ دەكڕن".

هەروەها لەو دیدارەشدا دەڵێت"دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆری موچەخۆر كە 70-75%ی خەڵكی هەرێم پێك دەهێنێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بووە و بەم كارە خەڵكیان كردووە بە بەكاربەر نەك بە بەرهەمهێن".
 



AM:12:06:31/01/2016