عادل موراد: تووڕەیی خەڵک بەڕێوەیە

سکرتێری ئەنجومەنی ناوەند دەسەلآتدارانی هەرێم ئاگادار دەکاتەوەو دەڵێت" توڕەیی خەڵک بەڕێوەیە".

لە نامەیەكیدا بۆ خەڵكی كوردستان، عادل موراد سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی دەڵێت" ببورن بەرێزان نازانم لەكوێوە دەستپێبكەم دوای ئەوەی هیچ وشەیەك نەماوە تەعبیر لەو وەزعە تراژیدییایە بكات كە ئەمرۆ بەسەر میللەتەكەمانە گوزەر ئەكات لەژێر سایەی ئەو حكومەت و حزبانەی بەناهەق ئیدیعای ئەوە ئەكەن گوایە نوێنەری میللەتن و بەناوی ئەوەوەش قسە ئەكەن".

لەبڕگەیەکی تری ئەو نووسینەدا ناوبراو دەڵێت" هەردیسان ئەمرۆ دوای ئەوەی حكومەت گوێی خۆی كەڕكردوە لە بیستنی دەنگی هاوڵاتیانو نوزەی مناڵەكانیان، زۆر بێباكانەش داوایان لێئەكات هێشتا دان بەخۆیانەوە بگرن، سەرباری ئەوەی پێنج مانگە ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت دابینبكات، لەهەمان كاتیشدا كودەتا بەسەر دامەدەزگا شەرعییەكانی مییلەتا ئەكات و كاری پەرلەمانو حكومەتەكەشی ئیفلیج ئەكات، بۆ رەواندنی تووڕەیی خەڵكیش دەیان وادەو بەڵێنی درۆزنانە ئەدات كە هیچیان عانەیەكی قەڵپ ناهێنن".

دەقی نامەکەی عادل موراد

ببورن بەرێزان نازانم لەكوێوە دەستپێبكەم دوای ئەوەی هیچ وشەیەك نەماوە تەعبیر لەو وەزعە تراژیدییایە بكات كە ئەمرۆ بەسەر میللەتەكەمانە گوزەر ئەكات لەژێر سایەی ئەو حكومەت و حزبانەی بەناهەق ئیدیعای ئەوە ئەكەن گوایە نوێنەری میللەتن و بەناوی ئەوەوەش قسە ئەكەن.
ئەو میللەتە خۆڕاگرو سەربەرزەی كەسەرباری ئەو هەمو قوربانیانەی لەپێناو ئازادی ودیموكراسیو دابینكردنی دادی كۆمەڵایەتی بەوشی، ئەمڕۆ بەدەست ئەم حزبانەوە جارێكیتر ئەچەوسێتەوەومافەكانی لێ زەوتئەكرێت.. دوای ئەو هەمو قوربانییەی لەپێناو كۆتاییهێنان بەحوكمی دیكتاتۆریەتو زامنكردنی سەروەری یاساو، دوای ئەو هەمو خوێنەی شەهیدان كەلەم پێناوەدا رژان، نەمانزانی ئەوانەی دوێنێ هەڵگری ئەو پەیامە پیرۆزە بون، ئەمرۆ ئەبن بەبازرگانی جەنگو دەیان و سەدان كۆشكو تەلار لەكوردستان و ئەوروپاو ئەمریكا بەرز لەسەر حیسابی سكی ئەم میللەتەوە بەر زئەكەنەوە، بەملیاران دۆلاری حەرامی دزراو سپی ئەكەنەوە لەقوتی ئەم میللەتە كە رۆلەكانی لەبرسا رو ئەكەنە مەرگ لەدەریای ئیجەو، ئەوانەشی ئەمێننەوە رۆژانە مافەكانیان لێزەوتئەكریت و خەونەكانیان لەناوئەبرێن.
لەم رەوشە نالەبارەشدا روڵە قارەمانەكانی ئەم میللەتە لەپێشمەرگە دلێرەكان رۆژانەو دەیان داستانی قارەمانێتی تۆمار دژ جانەوەرەكانی داعش تۆمار ئەكەن،بەسكی بەتاڵو گیرفانی خاڵییەوە مناڵەكانیان جێهێشتوەو روبەڕوی ئەم تیرۆرستانە ئەبنەوەو داكۆكی لەخاكو نیشتمانی وڵاتێك ئەكەن كە حكومەتە تێرو پڕەكەی ئاورێكیشیان لێناداتەوە.. ئەمرۆ سەدان رۆڵەی ئەم وڵاتەمان لەبەر برسێتی وقاتوقری ونەبونی هەلی ژیان رو ئەكەنە رێگای هاتو نەهات و مەرگ، لاشەی مناڵەكانیان ویژدانی هەمو مرۆڤایەتی جوڵاند، بەڵام حكومەتەكەی مێش میوانی نەبو، تەنانەت هەوڵ بۆ ئەوەش نادات جەنازەكانیان بهَنیتەوە لە زیدی خۆیان بنێژرێنەوە.
هەردیسان ئەمرۆ دوای ئەوەی حكومەت گوێی خۆی كەڕكردوە لە بیستنی دەنگی هاوڵاتیانو نوزەی مناڵەكانیان، زۆر بێباكانەش داوایان لێئەكات هێشتا دان بەخۆیانەوە بگرن، سەرباری ئەوەی پێنج مانگە ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت دابینبكات، لەهەمان كاتیشدا كودەتا بەسەر دامەدەزگا شەرعییەكانی مییلەتا ئەكات و كاری پەرلەمانو حكومەتەكەشی ئیفلیج ئەكات، بۆ رەواندنی تووڕەیی خەڵكیش دەیان وادەو بەڵێنی درۆزنانە ئەدات كە هیچیان عانەیەكی قەڵپ ناهێنن..
ئێمە لەكاتی خۆیدا دەنگمان هەڵبری .. زیاتر لە چوار ساڵە هاوارمانە بۆ راستكردنەوەی ئەم وەزعە نالەبارەی هەرێم، هۆشداریماندا لەبارەی ئەو هەمو پیلانانەی لەناوچەكەدا كاریان لەسەر ئەكرا بەمەبەستی راپێچكردنی كورد بۆ ناو ململانَیەكی سەختی تایفی ماڵوێرانكەر لەناوچەكەدا، زۆرجاریش هۆشداریمان ئەدا لەسەر سیاسەتە ئابورییە سەقەتەكانی حكومەتنی هەرێمو ونەبونی شەفافییەت ویاریكردن بە مەلەفی نەوتو دەسگرتن بەسەر داهاتەكانی نەوت لەبەرژەوەندی حزبو چەند كەسێك، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی لیكۆلینەوە لەپێشنیارو رایەكانمان بكرێت، كەوتنە هەڵبەستنی دەیان تۆمەتی ناڕەواو بە خلئینو خۆفرۆشیشی وەسفیان كردین.
كاتێك وتمان هەڵكەندنی خەندەق لەنێوان پارچەكانی كوردستان خزمەت بەگەلەكەمان ناكات ودژ بەدروشمی هاوكاریكردنی گەلی خۆرئاوایە بۆ گەشتنیان بەمافی چارەی خۆنوسین، پێیان وتین سیاسەتی دەرەوە و ستراتیژیەتەكەی هێلی سورەو نابێت كەس دەستی لێوەربدات، ئەمەیان تایبەتە بە یەك حزب ولەپێناو خزمەتی توركیایە..هەر لەسەرەتاوە هەستمان بەوەكرد سیاسەتی ملكەچبون بۆ ئیرادەی هێزە دەرەكییەكان،لەنەتییجەدا گیانی تاكڕەوییو ململانێكانی كوردستان قوڵتر ئەكەن و كێشەكانمان لەگەل بەغدا زیارتر ئەبێت، نەوەك ئەوان باسیان ئەكرد ئامرازێكە بۆ دەستەبەركردنی سەربەخۆیی ئابوری لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوەی ئێمەش هۆشداریمان لەبارەوەدا ئەوەتا ئێستا هاتۆتە دی، سەروەتو سامانی میللەتەكەمان لەجیاتی ئەوەی ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ حەڵك، بوەتە خێرو بێر بۆ حزبی رەجەب تەیب ئەردۆگان كە هەمیشە لەهەوڵی دۆشینی ئەم سامانەی میللەتەكەمانە لەرێگەی چەند رێكەوتنێكی درێژخایەن كە لەپشتی پەردەكانەوە ئیمزاكراون بۆ گەڕاندنەوە ویلایەتی موسل وسەپاندنی دەسەڵاتی توركیا بەسەر سەروەتو سامانی میللەتەكەماندا.
ئەمرۆ كاتی ئەوەیە راستیەكان بدركێنین،كاتی ئەوەیە هەقو حیسابێك لەگەل ئەم حزبانە بكرێت بەتایبەت ئێستا تووِەیی خەڵك گەشتۆتە ترۆپكەوە‌و ئیتر بواری ئەوەش نەما میللەت لەمەزیاتر باجی سیاسەتە هەڵەكانی كەسانیتر بداتو حكومەت سەرەوتو سامانەكەی زەوتبكات ولەسەر حیسایبی قوتو گیرفانی فەرمانبەرانەوە رۆژ بەسەر بباتو،بەدرۆشمی قەبەو درۆزنانەوی بەناو سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی خەڵكی چەواشە بكات، ئەمرۆ بۆ هەمو میللەتو دونیاش دەركەوتوە كەوا ئەم دەستەی ئێستای حوكمرانی لە كوردستاندا خۆی سەپاندوە بەسەر میللەتەكەماندا تەنها موزایەدە ئەكات بەخوێنی شەهیدانو مناڵانی دەریای ئیجەو قوربانیانی هێزەكانی پێشمەرگەو خۆراگری میللەتەكەمانەوە.
لە كۆتاییدا جارێكتر هۆشداری ئەدەینە دەسەڵاتو لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرَیم لەبارەی دانانی پلانی راستەقینەی چاكسازی ئابوری لەم هەرێمەدا بەمەرجێك لەسەر حیسابی گیرفانی خەڵكی رەشو روتو فەرمانبەرانەوە نەبێت، پێشمانوایە هەر چاكسازییەك ئەنجامبدرێت ئەبێت لەسەری سەرەوە دەستپێبكات تا خواری خوارەوە، داواش لەحزبەكانی كوردستان ئەكەین ئەوانەی دەستیان بەسەر دۆسیەی نەوتدا گرتوە، بەزوترین كات داهاتەكانی ئەم نەوتە لەبانكەكانی ئەوروپاوە بهێننەوە بۆ كوردستان بۆ رزگاركردنی میللەت لەم قەیرانە قوڵەی ئابوری پیش ئەوەی دەرفەتەكان لەدەست بچن،چونكە ئەبێ ئەوە بزانن كەوا تووڕەیی خەڵك بێگومان بەڕێوەیە.
عادل موراد



PM:08:23:31/01/2016