شێروانە یەكەم سەركەوتنی لە خولی نایابی فاست لینكی كوردستان تۆماركرد

 لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی یەكەمی قۆناغی دووەمی كۆمەڵەی یەكەمی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان بۆ تۆپی پێی، رۆژی هەینی لە یاریگەی هەندرێن هەردوو یانەی هەندرێن و شێروانە رووبەرووی یەكتر بوونەوە.


لە سەرەتای یارییەكە یانەی هەندرێن فشارێكی توندی خستە سەر گۆڵی شێروانە بەمەبەستی تۆماركردنی گۆڵ، بۆیە چەندین هێرشی مەترسیداری بردە سەر گۆڵی شێروانە، بەڵام بەهۆی پەلەكردنی یاریزانان نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بكەن، بەتایبەتی یاریزانان ئەرسەلان توفیق و هیدایەت لەتیف و بەرهەم بهادین تا خولەكی 24 یانەی شێروانە هیچ مەترسییەكی لەسەر گۆڵی هەندرێن نەبوو.


لە خولەكی 25 لە هێرشێكی پێچەوانەوە عەلی محەمەد ئەمین هەلەیەكی ئاسانی گۆڵ تۆماركردنی لە دەستدا دوای ئەوەی گۆڵپارێزی هەندرێن بارزان یوسف زیرەكانە تۆپەكەی دوورخستەوە، لە خولەكی 26 هەمان یاریزان لێدانێكی سەری جوانی ئارستەی گۆڵ كرد، بەڵام تۆپەكە كەوتە دەرەوەی یاریگا.


دواتر یارییەكە لە ناوەراستی یاریگا بوو تا نەوزاد ساڵح ناوبژیوانی یارییەكە فیكەی تەواوبوونی گێمی یەكەمی یارییەكەی لێدا بەیەكسانبوونی هەردوو یانە بە بێ گۆڵ.


لە گێمی دووەم بەهەمان شێوەی گێمی یەكەم، یانەی هەندرێن فشاری خستە سەر گۆڵی شێروانە و لە بەرانبەردا شێروانە پشتی بە هێرشی پێچەوانەوە بەست، راهێنەری یانەی شێروانە كەریم وەلی گۆرانكارییەكی ئەنجامدا كاتێك یاریزان چۆمان محەمەد هاتە نێو یاریگا، لە یەكەم تۆپ چۆمان توانی گۆڵی یەكەم و سەركەوتن بۆ یانەی شێروانە تۆمار بكات.


پاش ئەم گۆڵە یاریزانانی هەندرێن هەوڵی تۆماركردنی گۆڵی یەكسانبوویان دا، بەڵام بەهۆی پەلە كردن نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بكەن، یاریزانان هیدایەت لەتیف و هێمن نازم هەلی ئاسانی گۆڵكردنیان لە دەستدا، یانەی شێروانە لەم گێمە باشتر یاری كرد لە هێرشە پێچەوانەوەكان مەترسییەكی زۆریان لەسەر گۆڵی هەندرێن دروستكرد بەتایبەتی یاریزانان عەلی محەمەد ئەمین و هاوەرنگ محەمەد.


یارییەكە بە ئەنجامە بەردەوام بوو تا ناوبژیوانان فیكەی تەواوبوونی یارییەكەی لێدا بەسەركەوتنی یانەی شێروانە بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ.


بەم ئەنجامە یانەی شێروانە كۆی خاڵەكانی بۆ 7 خاڵ بەرزكردووە و یانەی هەندرێن كۆی خاڵەكانی هەر لە شەش خاڵ مایەوە هاتە ریزبەندی كۆتایی كۆمەڵەكە.


SPEE SPORT-   KFA



PM:11:52:12/02/2016