حیزبی شیوعی وه‌ڵامی سه‌رۆ قادر ده‌ده‌نه‌وه‌

حزبی شیوعی کوردستان وەڵامی سەرۆ قادر ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێن"ئێمە نە لەبەرەی پارتییە و نە لەبەرەی دژە پارتین".

شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی ١١لەسەر ١٢ی شوباتی ٢٠١٦ ، سەرۆ قادری بەرپرسی پێشووی مەكتەبی ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێکه‌وتنێکدا له‌ كەناڵی ئێن ئاڕ تی وتی "لە برادەرێكی شیوعیم پرسی، بۆچی لە ئێستادا چوونەتە بەرەی دژی پارتی، ئەویش لەوەڵامدا وتی، چونكە پارتی لەداهات و گومرگی هەرێم بەشمان نادات.

لە ڕاگەیەندراوێکی حزبی شیوعی کوردستان، ده‌ڵێن"ێمە لە حزبی شیوعی كوردستان بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین، كە ئەو قسەیەی (سەرۆ قادر) بە تۆمەتێكی ناڕاست و هەڵبەستراو دادەنێین و بەمەبەستی شێواندنی وێنەی سیاسی شوعییەكان دەزانین و بەتوندی ڕەتی دەكەینەوە."
حزبی شیوعی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ئێمە نە لەبەرەی پارتییە و نە لەبەرەی دژە پارتی، بەڵكو حزبێكی لەسەر بناغەی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نشتیمان و بەرگری كردن لە عەدالەت و دیموكراتیەت و مافی مرۆڤ سیاسەت دەكەین و پەیوەندیشمان لەگەڵ هەموو حزبەكانی كوردستان پەیوەندیەكی ئاساییە و بەچاوی ڕێزەوە لەهەموویان دەڕوانین، بۆیە نەدەبوا كاك سەرۆ قادر دەستی چەوری قەیرانەكان بەسەری ئەم و ئەو بسڕێتەوە و تۆمەتی بێبنەما ببەشێتەوە."

هه‌روه‌ها حیزبی شیوعی ده‌ڵێن "حزبی شیوعی كوردستانە كە بەردەوام دژی بەفیرۆدان و بەهەدەردانی سامان و داهاتی هەرێمی كوردستان بووە، نەك هەر ئەمە بەڵكو ئەگەر گرنگی بەو هەموو پرۆژە و بەرنامانە بدرابایە، كە حزبی شیوعی كوردستان لەئێستا و ڕابردوودا بەمەبەستی چاكسازی لە كایە سیاسی و حكومڕانی و ئیدارییەكان و نەهێشتنی گەندەڵی و قۆرخكاری خستوینەتەڕوو، هەروەها لە سەر زەمینی واقیعدا كاریان پێبكرابا ئەوا كوردستان دووچاری ئەو هەموو قەیرانە ترسناك و كوشندەیە نەدەبوو."




PM:12:20:13/02/2016