ساڵح موسلیم هۆشداری دەداتە توركیا

ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدە داواکەی تورکیای بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە نزیک سنووری تورکیا رەتکردەوە.

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی رایگەیاند "تورکیا مافی ئەوەی نییە دەست لە کاروباری سووریا وەربدات" و، ئاماژەی بەوەش دا " ئەو بنکە سەربازییەی دوێنێ تورکیا هێرشی کردە سەری پێشتر لەژێر دەسەڵاتی بەرەی نووسرە بوو، بەڵام هەفتەی رابردوو یەکینەکانی پاراستنی گەلی YPG سەر بە PYD توانیان کۆنترۆڵی بکەنەوە".
ئەمرۆ  سوپای توركیا بۆ جاری دووەم لەسەر یەكدی شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەلی لە دەوروبەری حەلەب (گوندی تامۆرا و شارۆچكەی حیان) بۆردوومانكرد كە بەهۆیەوە دوو شەڕڤان شەهید بوون.

ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییدا لە پارێزگای ئەرزنجان رایگەیاند " یەپەگە سوپای تورکیای بێزارکردووە و  سنووری بەزاندووە، بۆیە وەڵاممان داونەتەوە"، داواشی کرد "یەپەگە بنکەی سەربازی منگ چۆڵ بکات".

جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەمبارەیەوە رایگەیاندووە " داوامان لە هێزەکانی سەر بە پەیەدە کردووە دەرفەت لەو پشێویەی ئێستا وەرنەگرن بۆ پێشڕەوییکردن، راپۆرتی ئەوەشمان پێگەیشتووە تورکیا تۆپبارانی هێزە کوردییەکانی کردووە، بۆیە داوامان لە تورکیا کردووە تۆپبارانکردنی ئەو هێزانە بووەستێنێت".



PM:02:57:14/02/2016