"به‌شێك له‌ كرێنشینان بۆ دابینكردنی كرێی خانووه‌كانیان گورچیله‌یان ده‌فرۆشن"

سكرتێری كۆمەڵەی داكۆكی لەمافی كرێنشینان دەڵێت كە بەشێك لەكرێنیشینان بۆ دابینكردنی كرێی مانگانەی خانووەكانیان ناچار دەبن گورچیلەی خۆیان بفرۆشن.

 بەرهەم سەردار سكرتێری كۆمەڵەی داكۆكی لەمافی كرێنشینان به‌ ئاژانسی‌ ئانادۆڵی‌ رایگەیاند، كە بەشێك لەكرێنیشینان بۆ دابینكردنی كرێی مانگانەی خانووەكانیان ناچار دەبن گورچیلەی خۆیان بفرۆشن، بۆ چارەسەری ئەوەش پێویستە حكوومەت چارەسەری بەپەلە بكات بۆ كێشەی نیشتەجێبوون كە سەرچاوەی بەشێكی زۆری كێشە كۆمەڵایەتییەكانە.

بەرهەم سەردار ده‌ڵێ "پێویستە حكوومەت كاتێك یەكە دروست دەكات بە بڕێكی كەم بەكرێ بیدات بەكرێنشینان، ئەمەش وادەكات داهاتێك بۆ حكوومەت بگەڕێنێتەوە و هەروەها بارگرانی لەسەر كرێنیشینان كەم دەكاتەوە".


ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە 80 هەزار كرێنشین لە هەرێمی كوردستان هەیە، هەروەها مۆڵەت بە 181 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەپلان دابەش نەكراوە كێشەی نیشتەجێبوونی چارەسەر نەكردووە.

بەرهەم سەردار باسی لەوەش كرد، كە پرۆژیەكیان ئامادەكردووە بۆ حكوومەت لە پێناو چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان، كە خۆی لە پێنج خاڵدا دەبینێتەوە:

- دابەزاندنی نرخی كرێی خانوو بەرێژیەك بێت كە هاوتای مووچەی فەرمانبەران بێت لەم كاتەدا.

- دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتیەكی تایبەت بەچارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون.

- دەوڵەمەند كردنی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2011 كەتاكە پرۆژەیە لەخزمەتی كرێنیشینان بێت.

- هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستمی یەكەی نیشتەجێبوون لەفرۆشتنەوە بۆ بەكرێدان، ئەمەش وادەكات داهاتێك بۆ حكوومەت بگەڕێنێتەوە و بارگرانی لەسەر كرێنیشینان كەم دەكاتەوە.

- لیژنەی تایبەت دروست بكرێت بۆ ئەو پرۆژانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و تائێستا چەندین یەكەیان بە بەتاڵی ماونەتەوە، حكوومەت هەوڵبدات ئەو یەكانە بدات بەكرێ تا ئەو كاتەی لەم قەیرانە رزگارمان دەبێت.

ئەو هەروەها رایگەیاند "چەند جارێك داوامان كردووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرفتی كرێنشینان چارەسەر بكات، ئەگەر ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت ئەوا كێشە و گیروگرفتە كۆمەڵایەتییەكان كەم دەبنەوە و كۆچكردنی هاووڵاتییانیش كەم دەبێتەوە".



AM:11:27:19/02/2016