یانەی نەورۆز بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە سۆلاڤی بردەوە

 لە ركابەرییەكانی كۆمەڵەی دووەمی خولی نایابی فاستلینكی كوردستاندا یانەی نەورۆز لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لە یانەی سۆلاڤی بردەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.


سەرجەم یارییەكانی هەفتەی سێیەمی قۆناغی دووەمی خولی نایابی كوردستان ئەنجامدراو تیپەكانی  كۆمەلەی دووەم گۆرانكاری بەرچاو لە ریزبەندیاندا روویداو یانەی پێشمەرگەی هەولێریش سودمەندترین یانەی ئەو هەفتەیە بوو .


لە شاری سلێمانی لە یاریگای زانكۆ یانەی نەورۆز میوانداری یانەی سۆلاڤی كرد ، نەورۆز سەرەرای ئەوەی پێویست بوو لەو یاریە بردنەوە تۆمار بكات دەبوو چاوەروانی ئەنجامی یاریەكانی تریش بێت تا جارێكی تر بگەرێتەوە بۆ كێبركێی تیپەكانی پێشەوەی ریزبەندی ، یانەی سۆلاڤیش دوای گۆرینی راهێنەرەكەی تەنها هیوایان ئەوەیە لە خولەكەدا بمێنێەوەو خۆیان بگرن لە دابەزین بۆخولی پلەیەك ، بەڵام تارادەیەك زۆر یانەی سۆلاڤ مانەوەی لە خولی نایاب بووەتە مەحاڵ و دەتوانرێت بوترێت دابەزینی مسۆگەر كردووە لە نێو هەر 13 یانە بەشدار بوەكەی خولی نایابدا ، لەو یاریەدا ئاستی یاریزانانی هەردوو تیپ لە ئاستێكی خراپدا بوون و لە جێی رەزامەندی هاندەران و راهێنەرەكانیشیاندا نەبوون ، هەرچەندە لە گێمی یەكەمدا یاریزانانی نەورۆز چەند هێرشێكیان كردە سەر گۆلی میوان بەڵام تۆمار كردنی گۆلی بەدوا نەهات ، لە دەقیقەی 21 داوەری یاریەكە هاوكار یەحیای یاریزانی نەورۆزی بە كارتی سوور كردە دەرەوە ، كە چاوەروان دەكرا تیپی میوان سود لەكەمی ژمارەی یاریزانانی تیپی خاوەن یاریگا وەربگرن بەڵام یاریزانانی سۆلاڤ ئەو هەلەیان لەدەستدا ، نیوەی یەكەم بە بێ گۆل كۆتایی .


 بۆ گێمی دووەم خۆشی كەوتە دلی هاندەران و دەستەی راهێنەرانی نەورۆزەوە و ئەنجامی ئەو گێمەو كۆتایی یاریەكەش لەبەرژەوەندی یانەی نەورۆز بوو ، لە دەقیقەی 58 داوەر پەناڵتیەكی بۆ یانەی نەورَوز ئەژمار كرد ، پرسیار عەبدولرەزاق كە لە گێمی دووەمدا بەشداری كرد ، سەركەوتوانە یانەی نەورۆزی كردە خاوەنی گۆلی یەكەم ، لەكاتەكانی تردا یانەی سۆلاڤ هەولی زۆری دا بۆ یەكسان كردنەوەی ئەنجامەكە و چەند هەلێكی ئاسانی گۆلكرنیان لەدەستدا ، یاریەكە بەرەو دەقەكانی كۆتایی دەرۆشت ، لەدەقیقەی 90 داوەر عەبدولا حەسەنی لە یانەی سۆلاڤ بە كارتی سور كردە دەرەوە ، لەكاتی بەجێهێشتی یاریگاكەدا لەنێو هولی حەوانەوەی یاریزاناندا هەردوو یاریزانان عەبدولا حەسەن لە سۆلاڤ و هاوكار یەحیا لە نەورۆز بەشەرهاتن و دواتر خەریك بوو شەرەكە لە نێوان یاریزانانی تیپی میوان و پۆلیسی چالاكیە مەدەنیەكان و چەند هاندەرێكدا بەرفراوان بێت ، بەڵام هێزی پۆلیسی چالاكیە مەدەنیەكان رێگریان كرد و نەیانهێشت كێشەكە ئالۆزتر بێت ، دوای ئاسای بوونی رووداوەكە ، داوەر فیكەی دەستپێكردنەوەی یاریەكەی لێدایەوە ، بەڵام یاریزانانی نەورۆز رێیان نەدا بە یەكسان كردنەوەی ئەنجامەكەو یاریەكەش بە بەدەستهێنانی 3 خال بۆ یاریزانانی نەورۆز كۆتاییهات.

SPEE SPORT-  KFA

PM:09:03:19/02/2016